Sarmand Hameed
01 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی یەکەم 2021
ههولێر-AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی کرد لە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، میخاییل بوگدانۆڤ.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانی-یهوه بڵاو کراوەتەوە، لە دیدارەکەدا میخاییل بوگدانۆڤ سڵاوی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و وەزیری دەرەوەی رووسیای بە مەسعود بارزانی گەیاندووە و جەختی لە بایەخ و پێگەی کورد و رۆلی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کردووهتەوە و ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "بە لای رووسیاوە ھەرێمی کوردستان رۆلێکی گەورە لە عێراق دەگێڕێت و فاکتەری سەقامگیرییە".
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە تشرینی یەکەمی رابردوو ئاڵوگۆڕ کران.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ھەڕەشەی تیرۆر لەسەر سەقامگیری ناوچەکە تاوتوێ کراوه و ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی تیرۆر ڕیشەکێش بکرێن.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بارودۆخی سووریا تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بووه و، مەسعود بارزانی بۆچوون و نیگەرانییەکانی خۆی لەبارەی ئاییندەی گەلی کورد لە سووریا بە شاندی میوان گەیاندووه.
ئەوەش هاتووە: "لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە، میخاییل بوگدانۆڤ وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیە مێژووییەکانی گەلی کوردستان و گەلی رووسیا، رۆڵی مێژوویی بنەماڵەی بارزانی لە پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییە بەرز نرخاند و خوازیاری ئەوەش بوو کە پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان گەشەی زیاتر ببینێت".