Sarmand Hameed
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2022
هەولێر-AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە شاندێکی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر و هەیەرک لە فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ جۆن برێنان و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری عیراق و ئێران، جینیفەر گاڤیتۆ و جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک و وڵاتانی سووریا، لوبنان و ئوردن، ئیتان گۆڵدریچ و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبێرت پاڵادینۆ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئهمریكی.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاریی و پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسی عێراق و بارودۆخی سووریا و ناوچەکە تاوتوێ کراوه.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە کەرتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان و لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووهتەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانە و خزمەت بە بەرژوەندیی ھاووڵاتییان و سەقامیگریی و ئارامیی و ئاسایشی عێراق ناکات.
مەسرور بارزانی ئامادەیی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دانوستان و لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوه.
بهپێی راگهیهندراوهكه، شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامی سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی ھەرێمی کوردستان دووپات کردووهتەوە.
ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.