Heman Hussein Yaseen
09 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2022
ههولێر - AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی خستەڕوو و، رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێم ئامادەیە شاندی تەکنیکی و سیاسی رەوانەی بەغدا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و جهختی لهوه كردهوه کە سبەی پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت.
جووتیار عادل لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا دەربارەی ناوەرۆکی کۆبووونەوەکەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند: "کۆمەڵێک بابەتی گرنگ ھەیە لە سەرووی ھەموویانەوە داھات، مووچە و خەرجییەکانی حکوومەتە کە بەردەوام لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران جەختمان لەسەر ئەو بابەتانە و زامنکردنی مووچەی فەرمانبەران و ھەروەھا دەستەبەرکردنی قووتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئەوەی کە پێویستە ئێمە وەکو حکوومەت لەو کابینەیەدا سەرەڕای ئەو قەیرانانەی کە رووبەڕووی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە، کردوومانە، ئەوەی کە پێویستە لەم چوارچێوەیەدا وەکو حکوومەت بۆ دابینکردنی مووچە و بوودجەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان چ لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و چ لەسەر ئاستی داھات و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت، ئێمە ھەر لەم چوارچێوەیەدا بەرنامە و سیاسەتمان داڕشتووە و بۆیە خەڵکی خۆمان دڵنیادەکەینەوە، کە حکوومەت بە ھیچ شێوەیەک درێغی ناکات و ھیچ کاتێکیش سڵ لە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران ناکات کە دابینی دەکات".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھیوای خواست کە پڕوپاگەندەکان دەربارەی بوودجە و مووچە کاریگەری لەسەر ھاووڵاتییان دروست نەکات و گوتی: "ھەر بۆ بیرھێنانەوە رۆژی شەممە پێنجی ئاداری ٢٠٢٢ ئەنجوومەنی ئابووری ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانی و، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە و لەوێ سەرۆکی حکوومەت لایەنەکانی راسپارد کەوا ھەرچی زووە داھاتەکان کۆبکرێنەوە و ئامادە بکرێن بۆ دابەشکردنی مووچە لە زووترین کاتدا، بۆیە ئەمڕۆ ئەو لایەنانە لە رێگەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران راپۆرتێکیان ئامادە کردبوو لەسەر داھات و خەرجییەکان و دوای ئەوەی ئەم راپۆرتە پێشکەش کرا، کە بڕی ھەناردەکردنی نەوت بۆ مانگی شوبات و ھەروەھا ئەو پارەیەی لە دەرئەنجامی فرۆشتنی نەوتی کوردستان دوای دەرکردنی خەرجییەکانی کۆمپانیاکان و گواستنەوە و کۆمەڵێک بابەتی دیکە کە بە وردەکاری لای ئێمە ھەیە، بڕیار درا بەیانی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین دابەش بکرێت و ئەو بڕە پارەیەش کە دەبوایە حکوومەتی عێراق بینێرێت بەداخەوە نەیناردووە و، ئەمەش کاریگەری ھەبوو لەسەر دواکەوتنی مووچە".
جووتیار عادل گوتیشی: "ھۆیەکی دیکەش کە بووە ھۆی ئەوەی مووچە دوا بکەوێت، مەسەلەی نەگەڕانەوەی داھاتی حکوومەت بوو بۆ گەنجینەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و چاوەڕوانی ئێمە بۆ ئەو ٢٠٠ ملیارەی کە حکوومەتی عێراق دەبوایە بیناردبا، بەداخەوە نەیناردووە، بۆیە ئێمە ناچار بووین لە داھاتی ئێستا بۆ مووچەی مانگی دوو لە داھاتی مانگی سێی نەوت ئێمە بڕێک پارە دابین بکەین بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی ئێستا ھەیە بۆ مانگی دوو ئێمە تەمویلی بکەین. ئەو بابەتە بە نیسبەت ئێمەوە لە ئەولەویەتی حکوومەتە و کەس ناتوانێت لەو بارەیەوە موزایەدە لەسەر ئێمە بکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا گوتی: "ئەوەی پێویستە چ لەسەر ئاستی لایەنەکان و چ لەسەر ئاستی حکوومەتی عێراقی ئێمە بەردەوام بین لەگەڵیان و ئامادەشین شاندی تەکنیکی و سیاسی بنێرین بۆ بەغدا بە مەرجێک، ھەر ھەنگاوێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت بە پێچەوانەی پرەنسیپەکان و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان نەبێت، بۆیە ئەمە بابەتێک بوو بەڕێز سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی پێدا".
لەبارەی بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، جووتیار عادل ئاماژەی بە داھات و باج لە ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "بابەتی رسوومات، کە جێگری سەرۆکی حکوومەت قوباد تاڵەبانی راپۆرتێکی لە بارەیەوە ئامادەکردبوو، لەگەڵ چەند لایەنێکی پەیوەندیدار لە حکوومەت. دەمەوێت ئەمەش بە خەڵکی کوردستان رابگەیەنم کە حکوومەت دەزگایەکی قازانج نەویستە و تەنیا خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکات، وەک ئاسایش و خزمەتگوزاریی ئاو و کارەبا و ئەو بابەتانە بۆیە ئێمە خەڵکی خۆمان دڵنیا دەکەین کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی باشتر پێشکەش بکات و بە ھیچ شێوەیەک مەسەلەی رسوومات بۆ زیادکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان نییە. ھەر بۆ زانیاری ئێوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٤٧٠ خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات کە ئەوە ئەرکی خۆیەتی و لە ھەمان کاتیشدا بۆ ھەر دینارێکی خزمەتگوزاری ئێمە چوار دینار خەرج دەکەین، بۆیە مەبەست لەم توێژینەوەیە ئەوەیە تۆزێک خەرجی حکوومەت کەمبکەینەوە و لە کۆتاییدا ئەو پارەیەی دەمێنێتەوە لەو پرۆسەیە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتێکی تر تەرخان دەکرێت. بۆ ئەوەی لە ئێستاوە دیار بێت ئامانجی حکوومەت بەو شێوەیەیە کە ئێمە مەبەستمان ئەوەیە زیاتر خزمەتگوزاریی بۆ خەڵکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکەین".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دۆخی ئەم دواییەی بازاڕ و گرانبوونی کەلوپەلی خۆراک دا گوتی: "بابەتێکی تر ئەویش بابەتێکە لە کەناڵەکان و سۆشیاڵ میدیا مەسەلەی ئەو دۆخەیە کە رووبەڕووی جیھان بووەتەوە و مەسەلەی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینایە، نرخی ھەندێک شتومەکی بنەڕەتی زیاد بووە و دیسان سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە و فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ کردووە ئەوەی پێویستە لەم چوارچێوەیەدا کە بازاڕ کۆنترۆڵ بکرێت و قۆرخکاری نەکرێت، ئەوەی سەرپێچی رێنماییەکانی حکوومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بکات دەبێت سزا بدرێت، لە ھەفتەی رابردوودا کۆمەڵێک بازرگان یان ھەندێک شوێنی بازرگانی سزا دران لەوەی دەرفەتەکەیان قۆستووەتەوە بۆ قازانجێکی کورتخایەن کە ئەمە زیان بە بەرژەوەندی گشتیی و بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، بۆیە ئێمە رێ لەوە دەگرین و لەو چوارچێوەیەدا وەزیرانی بازرگانی و کشتوکاڵ تێبینییەکانیان خستەڕوو بۆ چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە دەرئەنجامی ئەو پێشھاتە سیاسییانەی لە جیھان و ناوچەکە ھەیە".
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بووە بە دەستی کاری خۆماڵی و کرێکارانی بیانیی و لەمبارەیەوە جووتیار عادل گوتی: "وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەمەد راپۆرتێکی پێشکەش کرد لەسەر رێکخستنەوەی دەستی کاری لۆکاڵی و بیانی و لەم چوارچێوەیەدا سەرۆکی حکوومەت جەختیکردەوە کە دەبێت ھەموو لایەنەکان پابەندی ئەو رێژەیە ببن کە بۆ کرێکاری لۆکاڵی دانراوە وەکو کرێ و پێویستە لە رووی کاتژمێریشەوە ھەموو لایەنەکان پابەندبن، چونکە ئەمە بڕیارێکی حکوومییە و دەبێت ھەموو لایەک پێوەی پابەندبن و ھەر لایەنێک پابەند نەبێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، کۆمەڵێک وەزارەت و کەسانی پسپۆڕ راسپێردران کە پڕۆژەیاسای خانەنشینی کەرتی تایبەت کە ئامادەیە و بڕوا دەکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا بە تەواوی ئامادە بکرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی پێویستە لە رووی رێکاری جێبەجێکردن وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیگرینەبەر بۆ زیاتر پێدانی ھەلی کار بۆ گەنجەکانمان و زامنکردنی کار و ھەلی کار بۆ ئەو گەنجانە بە شێوەیەک کەوا ھەم لە رووی کرێ و ھەم لە رووی کاتی کارکردن جێبەجێ بکرێت و وەکو ئەوەی لە بڕیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاتووە".