Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
07 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی کۆبوونەوەی هەفتانەی سازدا.
بەپێی راگەیاندراوی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیران "بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ھێڵە گشتییەکانی رەشنووسی یەکەمی پڕۆژەی بوودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی٢٠٢١ و پێشبینی و پێشنیازەکانی وەزارەتەکان سەبارەت بە رێکخستنەوەی داھات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و سنووردارکردنی کورتھێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢١".
راشیگەیاندووە "ئەنجوومەنی وەزیران خشتەیەکی زەمەنی پەسەندکرد بۆ ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١، بۆ ئەم مەبەستەش ھەفتەی داھاتوو ئەنجوومەنی باڵای ئابووری کۆدەبێتەوە بۆ پەسەندکردنی رەشنووسی یەکەمی بوودجە".
ھەر بەپێی راگەیاندراوی کۆبوونەوەکە "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە راسپاردنی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە کە ھێزێکی تایبەت و ھاوبەش پێکبھێنن، بۆ رێگەکرتن لە ھەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو ھێزە ھاوبەشە دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و رێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و کاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەکان بەبێ جیاوازی".
دواتریش گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەربارەی کۆبوونەوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و رایگەیاند "ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوێکە ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان راسپێردراون پڕۆژەی رەشنووسی بوودجە و ھێڵە گشتییەکانی ئامادەبکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێت داھات و خەرجی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا یەکبخرێتەوە و ھەموو وەزارەتەکانی دیکەش راسپێردرابوون داھات و خەرجی و پلانیان بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی بخەنەڕوو، ئەوەش کاری داڕشتنی پڕۆژەیاساکەی ئاسانتر کردووە".
دەربارەی رێکارەکانی خاڵە سنوورییەکانیش جووتیار عادل رایگەیاند "لە بارەی خاڵە سنوورییەکانەوە دوو بڕیاری گرنگ دراون، یەکێکیان راسپاردنی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەیە بۆ ئەوەی پڕۆپۆزەڵێک لەبارەی نەھێشتنی دیاردەی قاچاخچێتی لە دەروازەکان دابڕێژن و پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەن بۆ بڕیار لەسەردانی، دووەمیان رێکخستنەوەی گرێبەستەکانی خزمەتگوزارییە لە دەروازە سنوورییەکان".
دەربارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لە بارەی بوودجەی ٢٠٢١ و ئەگەری تێپەڕینی پرۆژەبودجەی عێراق وەک خۆی، جووتیار عادل رایگەیاند "ئێمە ھەموو نیازپاکییەکمان نیشانداوە و ھەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر رادەستکردنی نیوەی داھاتی نانەوتی ھەرێم و داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ھیوادارین ئەو پڕۆژەیاسایەی بوودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند بکرێت و پشکی ھەرێمیش لەو بوودجەیە رەوانە بکرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تشرینی دوومی ٢٠٢٠ی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئێستا دابەش نەکراوە، رایگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵی خۆی دەدات و وەزارەتی داراییش ئامادەکاری دەکات، ھەر کاتێک داھاتەکە ئامادەبوو و ھات ئەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابەشی دەکات".
لە بابەتی وادەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان لە ھەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جووتیار عادل رایگەیاند "بەپێی ئاگاداری من وەزارەتی پەروەردە دوو پرۆژەی ئامادەکردووە و لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای کۆرۆنا کە لە ١٦ یان ١٧ی ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت لەوێ گفتوگۆ لەسەر پرۆژەکان دەکرێت، دواتر دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و بڕیاری گونجاو لەوبارەیەوە دەدرێت".
گوتیشی "کردنەوە یان نەکردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان بابەتێکی تەواو تەندروستییە و ھیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە".
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەربارەی ئەوەی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان عەلی حەمە ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە حکوومەت ئامادەنییە بچێتە پەرلەمان بۆ قسەکردن لەسەر دۆسیەکانی نەوت و قاچاخچێتی خاڵە سنوورییەکان و داھاتی ناوخۆ، جووتیار عادل رایگەیاند "ئێمە وەک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر باشمان ھەیە لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و چەندین وەزیری پەیوەندیدار چوونەتە پەرلەمان و خودی سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی چوونە پەرلەمان و بۆ یەکەمین جار سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ماوەی نۆ کاتژمێر لە پەرلەمان مایەوە و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە و روونکردنەوەی دا لەسەر ھەموو بابەتەکان، ئێستاش ھەرکاتێک بەپێی ئەو رێکارە یاساییانەی کە ھەیە داوامان لێبکرێت ئامادەین و دەچینە پەرلەمان".