Abdulhameed Husseın Karam
01 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان داوای لەھاوڵاتیانی ھەرێم کردووە گەشتکردن بۆ وڵاتی چین دوابخەن تا ئەو کاتەی ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا لە شاری وھانی سەر بە ویلایەتی ھوبای چین جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆزرایەوە. لە ٣١ی کانوونی یەکەمیشدا کۆمسیۆنی تەندروستی شارەوانی وھان رایگەیاند دوای ئەوەی ٢٧ کەس بەھۆی سەردانی کردن و ئیش کردن لە بازاڕی بەرھەمە دەریاییەکانی ھوانان دووچاری ڤایرۆسەکە بوون، بازاڕەکەیان داخستووە.
لێکۆڵینەوە زانستییەکانیش گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە سەرچاوەی ڤایرۆسەکە چەند جۆرێکی شەمشەمە کوێرە و مارە، بەمھۆیەوە تا بنەبڕ کردنی ڤایرۆسەکە بازرگانی کردن بە ئاژەڵە کێوییەکانەوە قەدەغە کرا.
لە ماوەیەکی کورتیشدا ڤایرۆسەکە بۆ شار و ویلایەتەکانی دیکەی چین تەشەنەی کرد و بەم ھۆیەوە لە ٢٢ی ئەم مانگەوە لە ١٧ شاری ویلایەتی ھوبای ھۆکارەکانی گواستنەوەی گشتی وەستێندراون.
بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەشەوە زۆرێک لە کۆمپانیا فڕۆکەوانییە جیھانییەکان گەشتەکانیان بۆ چین وەستاندووە و رێکخراوی تەندروستی جیھانیش دۆخی لە ناکاوی راگەیاندووە.