03 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2022
هەولێر AA
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی گرێدا و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جووتیار عادل دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی بۆ میدیاکان خستەڕوو.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند: "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکوومەت باسی لە سەردانەکەی کرد بۆ ئیمارات بەتایبەت پەیوەست بە لێکتێگەیشتنی هەردوولا سەبارەت بە پرسی وەبەرهێنان، لە تەوەری دووەمدا باس لە رەوشی کۆرۆنا کرا بەتایبەت جۆری گۆڕاوی ئۆمیکرۆن، جەخت کرایەوە لەسەر وەرگرتنی ڤاکسین، دوێنێ دوا وادەبوو بۆ فەرمانبەران و مامۆستایان بۆ ئەوەی ڤاکسین وەربگرن، ئەوانەی تاوەکو ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە ناتوانن دەوام بکەن و بچنە فەرمانگەکانی خۆیان".
جووتیار عادل راشیگەیاند: "وەزارەتی تەندروستی راپۆرتێکی تێروتەسەلی دەربارەی دۆخی کۆرۆنا پێشکەشکرد، بەداخەوە ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە ژمارەی تووشبووان روو لە زیادبوونە بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی تەندروستی راسپێردرا کە هەر رێکارێکی تەندروستی پێویست بێت بە هەماهەنگی وەزارەتەکانی دیکە بگیرێتە بەر".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "بەرەپێشچوونەکانی کاری تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێم کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی راپۆرتی هاوبەشی خۆیانن سەبارەت بە پابەندییەکانی هەرێم و شایستەکانی بە پێی یاسای بودجە تاوتوێکرا".
گوتیشی: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کۆچبەران و بەتایبەت ئەوانەی لەم دواییانەدا لە ئاوەکانی تورکیا و یۆناندا خنکان، هەفتەی داهاتوو تیمێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی سەردانی یۆنان دەکەن بۆ ناساندنی ئەو قوربانیانە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش تێچووی گەڕانەوەی تەرمی ئەو کۆچبەرانە لە ئەستۆ دەگرێت".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامهواناندا پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هۆکاری بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان ئەوەیە هێزی پەکەکە بەشێوەیەکی ناشەرعی لەوێن، پەکەکە نە دان بە قەوارەی هەرێمی کوردستاندا دەنێت نە دان بە دەسەڵات و حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا دەنێت نە بڕوای بە هیچ کەسێک هەیە".
ئاشكرایشی كرد، مانەوەی پەکەکە لەخاکی هەرێمی کوردستاندا بووەتە بیانوو بۆ تورکیا بۆ بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە و گوتی: "دەبێت بپرسین پەکەکە لە شنگال و قەندیل چی دەکات؟".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل گوتیشی: "پەکەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانیان تووشی نەهامەتییەکی زۆر کردووە، بەهۆیانەوە سەدان گوند چۆڵکراون و خەڵک بێ ماڵ و حاڵ بوون، لەم دۆخەشدا ئەوەی زیانی پێگەیشتووە هەرێمی کوردستانە بۆیە ئامانجی پەکەکە لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە".