Hawkar Yaseen
28 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی مووچە و بوودجە و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی گەیشتنە پەرلەمان و بڕیارە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران دەربارەی ئەو پرسانە بدەنەوە.
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتوون لە؛ وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات جەناب نوری و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ بەغدا، خالید شوانی و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم.
بەپێی کارنامەی ئەمڕۆی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بڕگەی چوارەمی دانیشتنەکە تایبەتە بە "خستنەڕوو و گفتوگۆکردنی چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتھێنانی مووچە و ھۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بوودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داھاتی نەوت و داھاتی ناوخۆ بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
ئەم بڕگەیە پێشتر لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە بەرنامەی کاردا جێگیرکرا و ژمارەیەک پەرلەمانتار یاداشتێکیان دایە سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆئەوەی نوێنەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێنە پەرلەمان و وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە کە بۆچی تاوەکو ئێستا لێبڕینی مووچە بەردەوامە و بۆچی یاسای چاکسازی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، پێشتر بڕیاربوو ئەم دانیشتنە رۆژی دووی حوزەیران بەڕیوەبچێت بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی حکوومەت لە دانیشتنەکەدا، کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ ٢٨ی حوزەیران.