Sarmand Hameed
01 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2020
بەغدا - AA
سیاسەتمەداری سەربەخۆ و وەزیری پێشووتری گەیاندنی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت راگەیاند.
عەللاوی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە تیایدا رایگەیاندووە کە سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح رایسپاردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتوو.
عەللاوی داوای لە خۆپیشاندەران کردووە بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکانیان کە دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی.
عەللاوی بەڵێنی لێپێچینەوەی لە بکوژانی خۆپیشاندەران و رادەستکردنیان بە دادگا و پاراستنی خۆپیشاندەران داوە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی رووی قسەکانی ئاراستەی خۆپیشاندەران کردووە و رایگەیاندووە: "ئێوە لە پێناو وڵاتدا هاتوونەتە دەرەوە. ئەگەر داواکارییەکانتان بەدینەهێنم، ئەوا شایانی ئەم پۆستە نیم".
محەمەد تۆفیق عەللاوی کەسایەتی شیعەی عەلمانیی و سیاسییەکی سەربەخۆیە و دوو خول ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بوو (٢٠٠٦ و ٢٠١٠)، هەروەها ماوەی دوو ساڵ لە خولی دووەمی حکوومەتەکەی نوری مالکی (٢٠١٠-٢٠١٤) وەزیری گەیاندن بوو، لە ساڵی ٢٠١٢دا بەهۆی ناڕهزایهتیی لە دەستوەردانی سیاسیی لە لایەن مالکییەوە کە ئاستەنگی لەبەردەم کاروبارەکانی وەزارەتەکەی درووستکرد، دەستی لەکارکێشایەوە.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم خۆپیشاندەره ناڕازییهكان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بە گوتەی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.
لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوێنێ پێنجشەممە لە راگهیهنراوێكدا ئاشکرایکردبوو، لەمیانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، لانیکەم ٤٦٧ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزاری دیکە برینداربوون.