بەغدا - AA
ئاژانسەکانی هەواڵ و کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنی عێراقی هەواڵی راسپاردنی وەزیری پێشووتری گەیاندن، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لەلایەن سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح-یان بڵاوکردەوە و عەللاوی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی گرتەیهكی ڤیدیۆیی لە ههژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک هەواڵەکەی پشڕاستکردەوە.
راسپاردنی عەللاوی دوای نزیکەی دوو مانگ دێت لە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، عادل عەبدولمەهدی کە لەژێر فشاری خۆپیشاندەراندا لە سەرەتای تشرینی یەکەمی رابردوو دەستیلەکارکێشایەوە. عەللاوی کە سیاسییەکی عەلمانی سەربەخۆیە سەرۆکایەتی حکوومەت بەڕێودەبات تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وڵات بەڕێوەدەچێت.
عەللاوی تەمەن ٦٥ ساڵ، دوای راسپاردنی بەڵێنی لێپێچینەوەی لە بکوژانی خۆپیشاندەران و رادەستکردنیان بە دادگا و پاراستنی خۆپیشاندەرانی دا.
هەروەها ئاماژەی بە هەنگاونان بۆ چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دا تا دەگاتە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی داوای لە خۆپیشاندەران کرد بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکانیان کە دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی چاکسازیی.
خۆپیشاندەران سوورن لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی سەربەخۆ بەبێ بەشداری حزبە سیاسییەکان و هیچ پەیوەندییەکی دەرکیان نەبێت بەتایبەت لەگەڵ ئێران کە ئەو وڵاتە لەوەتەی ساڵی ٢٠٠٣هوه پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ حزبە شیعە دەسەڵاتدارهكان لە بەغدا هەیە.
عەللاوی لەو سیاسییە شیعانە نییە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەبێت و بەڵێنی پێکهێنانی حکوومەتێکی سەربەخۆ و تەکنۆکراتی داوە.
محەمەد تۆفیق عەللاوی لە پەیامەکەیدا رووی قسەکانی ئاراستەی خۆپیشاندەران کردووە و رایگەیاندووە: "ئێوە لە پێناو وڵاتدا هاتوونەتە دەرەوە. ئەگەر داواکارییەکانتان بەدینەهێنم، ئەوا شایانی ئەم پۆستە نیم".
هاوکات خۆپیشاندەران راسپاردنی عەللاوی-یان بۆ پێکهێنانی حکوومەت رەتکردەوە، بەوە پێیەی ناوبراو پێشتر چەندین پۆستی باڵای هەبووە، ئەمەش لەگەڵ داواکاریی خۆپیشاندەران یەکناگرێتەوە، خۆپیشاندەران داوادەکەن کاندیدی سەرۆکوەزیران دەبێ پێشتر هیچ پۆستێکی حزبی و حکوومی نەبووبێت.
- محەمەد تۆفیق عەللاوی کێیە؟
ناوی تەواوی محەمەد تۆفیق حوسێن عەللاوییە، لە ١ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٤ لە بەغدا لەدایکبووە، خۆێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا تەواوکردووە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی دەچێتە بەشی تەلارسازیی لە کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدا، بەڵام لە دوایین ساڵی خوێندنیدا زانکۆ جێدەهێڵێت و لە عێراقەوە دەچێتە لوبنان؛ بەهۆی ئەوەی ساڵی ١٩٧٧ رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دژ بە رژێم دەستپێکرد.
دوای چوونی بۆ لوبنان، دەچێتە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت و ساڵی ١٩٨٠ بڕوانامەی بەکالوریۆس لە ئەندازیاریی تەلارسازیی بەدەستدەهێنێت.
ئەوکاتەی کە قوتابی بوو لە زانکۆی بەغدا، بیرو بۆچوونی ئیسلامیی سیاسیی هەبوو، و نزیکبوو لە پیاوی ئایینی شیعە، محەمەد باقر سەدر کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوە، و ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن رژێمی سەدام حوسێن لە سێدارە درا.
ماوەیەک چووە ریزەکانی حزبی دەعوە، و بەهۆی ناکۆکی بۆچوونەکانی لەگەڵ محەمەد باقر سەدر لەو حزبە کشایەوە.
بۆچوونی عەللاوی ئەوەبوو کە ئایین و دەوڵەت لە یەکتر جیابکرێتەوە و ئەمە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی بوو لەگەڵ سەدر.
دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن لە ٢٠٠٣دا، لەگەڵ ئەیاد عەللاوی بە لیستێک چوونە ناو پرۆسەی سیاسیی و لەژێر ناوهکانی لیستی عێراقییە، لیستی وەتەنییە و هاوپەیمانی وەتەنییە.
ساڵی ٢٠٠٦ بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا و ناوەڕاستی هەمان ساڵ وەک وەزیری گەیاندن دەستنیشان کرا، و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧دا دەستی لەکارکێشایەوە.
دوای کۆچی دوایی پەرلەمانتار عایدە عەسیران لە ساڵی ٢٠٠٨دا، جارێکی دیکە بوویەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران تا هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا بۆ خولی دووەم بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردرایەوە، و کۆتایی هەمان ساڵ جارێکی دیکە وەک وەزیری گەیاندن دەستنیشان کرا و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا جارێکی دیکە دەستی لەکارکێشایەوە.
لە هەردوو جاری دەستلەکارکێشانهوهدا، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد، بەهۆی ناڕهزایهتیی لە دەستوەردانی سیاسیی لە لایەن مالکییەوە کە ئاستەنگی لەبەردەم کاروبارەکانی وەزارەتەکەی درووستدهکرد، دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
ناکۆکییەکانی نێوان محەمەد تۆفیق عەللاوی و نوری مالیکی لە ناوەڕاستی ٢٠١٢دا سەری هەڵدا، کاتێک ناوبراو بەشداریی لە دوو کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان کرد لە هەردوو شاری هەولێر و نەجەف بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیکی.
عەللاوی ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەو ناکۆکییانە چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوه، و دواتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و بەتۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی ماوەی حەوت ساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە عەللاوی عێراقی بەجێهێشت، و کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ گەڕایەوە وڵات و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوون بەبڕیاری دادگا رەتکرانەوە و دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو تۆمەتانە دا و دۆسیەکانی کە لەدژی کرابوونەوە، داخست.
محەمەد تۆفیق عەللاوی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، ئامادەیی خۆی دەربڕیوه لەسەر خواستی خۆپیشاندەران دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەکەی ببێت کە کەسانی خاوەن دوو رەگەزنامە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتدەکەنەوە.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو خۆپیشاندەره ناڕازییهكان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بە گوتەی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.
لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوێنێ پێنجشەممە لە راگهیهنراوێكدا ئاشکرایکردبوو، لەمیانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، لانیکەم ٤٦٧ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزاری دیکە برینداربوون.
news_share_descriptionsubscription_contact



