بەغدا - AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە لایەن سەرکۆمار، بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ەوە بە رۆژێکی مێژوویی وەسفکرد و رایگەیاند کە دواجار گەل سەرۆکوەزیرانی نوێی دەست نیشان کرد.
موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی گوتووە "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویی لە عێراق تۆمارکراو، بەو پێیەی دواجار گەل سەرۆکوەزیرانی نوێی دەست نیشان کرد نەک لایەنە سیاسییەکان و ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ داهاتوویەکی باش".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ئەوەشی گوتووە "جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەوەی وەک شۆڕشگیران بەردەوام دەبین لەسەر خۆپیشاندانی ئاشتییانە تا ئەو کاتەی کابینەی نوێی حکوومەت پێکدەهێندرێت کە لەنێو گەلەوە هەڵقوڵاو بێت و بۆ گەل بێت".
موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە کە ئومێد دەکەن محەمەد تۆفیق عەللاوی نەکەوێتە ژێر کاریگەری فشارەکانی ناوخۆ و دەرەکییەوە و بەرنامەی حکوومەتەکەی رابگەیەنێت و پەلە بکات لە بەرنامەڕێژی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، هەروەها هەوڵى پاراستنی سەروەرەیی و سەربەخۆیى عیراق بدات، بەجۆرێک کە ناوبانگى وڵات و شکۆی هێزە ئەمنیەکانى بپارێزێت.
لای خۆیەوە فراکسیۆنی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدان (سوننە) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە راسپاردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.
لە راگەیەندراوێکدا، فراکسیۆنی بەرەی رزگارکردن و گەشەپێدان ئاماژەی بەوەکردووە کە پاڵپشتی لە محەمەد تۆفیق عەللاوی دەکات، بەو مەرجەی حکوومەتەکەی سەربەخۆ و بێ لایەن بێت و داواکارییە رەواکانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات.
هەر لەوبارەوە فراکسیۆنی هاوپەیمانییەتی وەتەنییە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەسەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە هیچ کەسێکی بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کاندید نەکردووە، چونکە ئەوە گەل لێی بەرپرسە بە تایبەتیش خۆپیشاندەران.
دوێنێ شەممە سهركۆماری عێراق، بهرههم ساڵح وهزیری پێشووتری گواستنەوە و گهیاندن، محهمهد تۆفیق عهللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپارد.
محهمهد تۆفیق عهللاوی ماوەی یەک مانگی لە بەردەمدایە تا كابینهی حكوومهتهكهی پێكبهێنێت و متمانهی ئەنجوومەنی نوێنەران بهدهستبهێنێت.
- محەمەد تۆفیق عەللاوی کێیە؟
ناوی تەواوی محەمەد تۆفیق حوسێن عەللاوییە، لە ١ی تەمووزی ساڵی ١٩٥٤ لە بەغدا لەدایکبووە، خۆێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە بەغدا تەواوکردووە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی دەچێتە بەشی تەلارسازیی لە کۆلیژی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدا، بەڵام لە دوایین ساڵی خوێندنیدا زانکۆ جێدەهێڵێت و لە عێراقەوە دەچێتە لوبنان؛ بەهۆی ئەوەی ساڵی ١٩٧٧ رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن هەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دژ بە رژێم دەستپێکرد.
دوای چوونی بۆ لوبنان، دەچێتە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت و ساڵی ١٩٨٠ بڕوانامەی بەکالوریۆس لە ئەندازیاریی تەلارسازیی بەدەستدەهێنێت.
ئەوکاتەی کە قوتابی بوو لە زانکۆی بەغدا، بیرو بۆچوونی ئیسلامیی سیاسیی هەبوو، و نزیکبوو لە پیاوی ئایینی شیعە، محەمەد باقر سەدر کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حزبی دەعوە، و ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن رژێمی سەدام حوسێن لە سێدارە درا.
ماوەیەک چووە ریزەکانی حزبی دەعوە، و بەهۆی ناکۆکی بۆچوونەکانی لەگەڵ محەمەد باقر سەدر لەو حزبە کشایەوە.
بۆچوونی عەللاوی ئەوەبوو کە ئایین و دەوڵەت لە یەکتر جیابکرێتەوە و ئەمە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکانی بوو لەگەڵ سەدر.
دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن لە ٢٠٠٣دا، لەگەڵ ئەیاد عەللاوی بە لیستێک چوونە ناو پرۆسەی سیاسیی و لەژێر ناوهکانی لیستی عێراقییە، لیستی وەتەنییە و هاوپەیمانی وەتەنییە.
ساڵی ٢٠٠٦ بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبژێردرا و ناوەڕاستی هەمان ساڵ وەک وەزیری گەیاندن دەستنیشان کرا، و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧دا دەستی لەکارکێشایەوە.
دوای کۆچی دوایی پەرلەمانتار عایدە عەسیران لە ساڵی ٢٠٠٨دا، جارێکی دیکە بوویەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران تا هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠دا بۆ خولی دووەم بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردرایەوە، و کۆتایی هەمان ساڵ جارێکی دیکە وەک وەزیری گەیاندن دەستنیشان کرا و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٢دا جارێکی دیکە دەستی لەکارکێشایەوە.
لە هەردوو جاری دەستلەکارکێشانهوهدا، وەک خۆی ئاماژەی پێکرد، بەهۆی ناڕهزایهتیی لە دەستوەردانی سیاسیی لە لایەن مالکییەوە کە ئاستەنگی لەبەردەم کاروبارەکانی وەزارەتەکەی درووستدهکرد، دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
ناکۆکییەکانی نێوان محەمەد تۆفیق عەللاوی و نوری مالیکی لە ناوەڕاستی ٢٠١٢دا سەری هەڵدا، کاتێک ناوبراو بەشداریی لە دوو کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان کرد لە هەردوو شاری هەولێر و نەجەف بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیکی.
عەللاوی ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەو ناکۆکییانە چەندین لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکهێنراوه، و دواتر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و بەتۆمەتی بەهەدەردانی سامانی گشتی ماوەی حەوت ساڵ سزای بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا.
بەهۆی ئەو ناکۆکییانەوە عەللاوی عێراقی بەجێهێشت، و کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ گەڕایەوە وڵات و سەرجەم ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کرابوون بەبڕیاری دادگا رەتکرانەوە و دادگا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو تۆمەتانە دا و دۆسیەکانی کە لەدژی کرابوونەوە، داخست.
محەمەد تۆفیق عەللاوی هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانییە، ئامادەیی خۆی دەربڕیوه لەسەر خواستی خۆپیشاندەران دەستبەرداری رەگەزنامە بەریتانییەکەی ببێت کە کەسانی خاوەن دوو رەگەزنامە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەتدەکەنەوە.
سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو خۆپیشاندەره ناڕازییهكان، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی و بە گوتەی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانهوه لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، زیاتر لە ٦٠٠ کەس کوژراون.
لای خۆیەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، دوێنێ پێنجشەممە لە راگهیهنراوێكدا ئاشکرایکردبوو، لەمیانی خۆپیشاندانەکانی بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق کە له سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە، لانیکەم ٤٦٧ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە نۆ هەزاری دیکە برینداربوون.
news_share_descriptionsubscription_contact

