سياسەت

پشتیوان سادق: "لە دنیادا لامەرکەزییەتی دارایی نییە، لامەرکەزیەتی سیاسیی یان ئیداری هەیە"

سەرۆکی لیژنەی پرۆژەی لامەرکەزیەتی ئیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق: "هەندێک بابەتی ئیداری هەیە بۆخۆی پێکەوەبەسترانی دارایی هەیە، بەڵام جیاکردنەوەی بابەتی دارایی پارێزگایەک لە پارێزگایەکی دیکە بەتایبەت بۆ بابەتی مووچە ئەوە زەحمەتە".

Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin  | 21.01.2021 - نوێکردنەوە : 22.01.2021
پشتیوان سادق: "لە دنیادا لامەرکەزییەتی دارایی نییە، لامەرکەزیەتی سیاسیی یان ئیداری هەیە"

Arbil

هەولێر - AA

پرسی لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر قسەی لەسەر دەکرێت و پرسێکی گەرمی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە بەتایبەت، پارتی و یەکێتی و گۆڕان.

لە دواهەمین کۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، داواکردنی جێبەجێکردنی لامەرکەزی دارایی لەلایەن ئەو دوو حزبەوە تەوەری سەرەکی گفتوگۆ و قسەکانی نێو دانیشتنەکانیان بووە.

یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەر لایەکیان بۆخۆیان پرۆژەی تایبەت بە لامەرکەزی دارایی و ئیداری پارێزگاکانیان هەیە و لە چەند رۆژی رابردووشدا یەکێتی رەشنووسی پرۆژەکەی خۆی بڵاوکردەوە کە کرۆکەکەی باس لە جیاکردنەوەی داهات و خەرجی پارێزگاکان دەکات، ئەوەی گۆڕانیش لە ناوەڕۆکدا زۆر دوورنییە لە پرۆژەکەی یەکێتی و ئێستا هەردووکیان لە ئەنجوومەنی وەزیرانن.

جیا لەم دوو پرۆژەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆخۆی پرۆژەی دیکەی هەیە و لە کارنامەی کابینەکەشدا نووسراوە، بەڵام ئەوەی حکوومەت دەیڵێت لامەرکەزیەتی ئیدارییە نەک دارایی، بۆ گفتوگۆش لەگەڵ لایەنەکان و جێبەجێکردنی ئەو خاڵەی کارنامەی حکوومەت چەند مانگێکە لیژنەیەکی وەزاری پێکهێندراوە و کاری لەسەر دەکەن.

لیژنەکە لەلایەن سەرۆکی کوتلەی وەزاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە حکوومەت و وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق سەرۆکایەتی دەکرێت و هەریەک لە سەرۆکی کوتلەی وەزاری بزووتنەوەی گۆڕان و وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دانا عەبدولکەریم، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئومێد سەباح، وەزیری هەریم بۆ کاروباری پەرلەمان ڤالا فەرید، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئامانج رەحیم و راوێژکاری جێگری سەرۆکوەزیران یوسف گۆران ئەندامن تیایدا.

سەرۆکی لیژنەی پرۆژەی لامەرکەزیەتی ئیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق دەربارەی کارەکانی لیژنەکەیان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی"لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان باسمان لێوەکردووە، ئەو لیژنەیەی پێکیشهێندراوە ئیشی لەسەر دەکەین ئومێد دەکەین ئاکام و ئەنجامی باشی هەبێت".

دەربارەی ئەوەی روئیای پارتی چییە بۆ پرسی لامەرکەزی ئیداری و دارایی، پشتیوان سادق رایگەیاند "ئێمە بەپێی کارنامەی حکوومەت و هێڵە گشتییەکانی کارنامەی حکوومەت بڕوامان بە لامەرکەزی ئیداری هەیە لەسەدا سەد، بەڵام نەک لامەرکەزیەتی دارایی، بۆ بابەتی دارایی ئەوەی پێویست بێت خۆی لەگەڵ لامەرکەزی ئیداریدا هەیە".

پشتیوان سادق راشیگەیاند "هەر لە دونیادا لامەرکەزییەتی دارایی نییە، لامەرکەزیەتی سیاسیی یان ئیداریی هەیە، بابەتەکە خۆی لەرووی یاسایی نییە، لە هەندێک بابەت بۆ نموونە فەرمانبەرێک لە وەزارەتێک دەچێتە وەزارەتێکی دیکە ئەمە هەر بۆخۆی پێکەوە بەسترانی دارایی هەیە ئەمە دەگوازرێتەوە ئۆتۆماتیکی، بۆیە هەندێک بابەتی ئیداری هەیە بۆخۆی پێکەوەبەسترانی دارایی هەیە بەڵام جیاکردنەوەی بابەتی دارایی پارێزگایەک لە پارێزگایەکی دیکە بەتایبەت بۆ بابەتی مووچە ئەوە زەحمەتە".

دەربارەی پرۆژەکانی یەکێتی و گۆڕان بۆ لامەرکەزی کە لە ناوەرۆکدا باس لە جیاکردنەوەی داهات و خەرجی پارێزگاکان دەکات، سەرۆکی لیژنەی پرۆژەی لامەرکەزیەتی ئیداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوان سادق رایگەیاند "ئەوەی یاساکانی هەرێمی کوردستان رێگای پێبدات حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە جێبەجێی بکات، حکوومەتیش پرۆژەی خۆی دەبێت پرۆژەکەش هەڵهێنجاوی هەموو ئەو پرۆژانەیە کە هەیە بەتایبەت یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩ کە جەخت لەسەر لامەرکەزیەتی ئیداری پارێزگاکان دەکاتەوە".

پشتیوان سادق راشیگەیاند "وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو لیژنەیەی کە بۆی پێکهێندراوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لەسەر بابەتەکە بەگشتی".




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن