Heman Hussein Yaseen
24 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2020
هەولێر - AA
وەزیری تەندروستی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند کە ھیچ حاڵەتێکی گوماناوی یان تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کرودستان تۆمار نەکراوە، ئاشکرایشی کرد ئەو گەشتیارانەش کە لە وڵاتی ئێران دەگەڕێنەوە لە ١٣ شوێن بۆ ماوەی ١٤ رۆژ کارانتین دەکرێن.
سامان بەرزنجی لە کۆنگرەیکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەو هاووڵاتییانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە، هەمان ئەو رێکارانەیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر ھاوشێوەی ئەو گەشتیارانەی کە لە وڵات چین گەڕانەوە، هەر بۆیە لە ١٣ شوێن کارانتین دەکرێن و لەژێر چاودێری پزیشکیدا دەبن".
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتیشی: "لە ئێستادا ٤٣ حاڵەتی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تۆمارکراون کە زۆرینەیان لە وڵاتی ئێرانن کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش پێویستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە".
سامان بەرزنجی جەختی لەوەکردەوە کە ترس و دڵەڕاوکێ خزمەت بە دۆخەکە ناکات و گوتیشی: "پێویستە بە دیدێکی زانستی لەو ڤایرۆسە بڕوانین نەک بە بڵاوکردنەوەی ترس و فۆبیا و دڵەڕاوکێ لەنێو ھاووڵاتییان، پێشنیاز و رێنمایی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دەردەچێت دوای دیراسەکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیھانی، لەھەر ئەگەرێک لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبارەی دەوام و قەرەباڵغی و ھەر رێکارێکی پێویست، ئەوا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکەینەوە و بڕیاری پێویستی لەبارەیەوە دەدرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی رایگەیاند کە چەند هێڵێکی گەرم دادەنێن بۆ هەر حاڵەتێکی گوماناوی بۆ ئەوەی بەزووترین کات تیمەکان بچنە سەردانی شوێنەکە و چاودێری گومانلێکراوەکە بکەن.
سامان بەرزنجی گوتیشی: "تا ئێستا ٧٨ ھەزار و ٨١١ حاڵەت هەیە کە سەدا ٩٧،٨ لە وڵاتی چینە، ئەوانی دیکە لە ٢٨ وڵاتی دیکە، کە ٤٣ لە حاڵەتەکانی توشبوون لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن و زۆرترینیان لە وڵاتی ئێرانن".
لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و کەرەنتین کراون، سامان بەرزنجی گوتی: "تا درەنگانی شەوی رابردوو هەزار و ٢٤٩ گەشتیار لە ئێران گەڕاونەتەوە و لەژێر چاودێری پزیشکیدان".
سامان بەرزنجی گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان گەشتی فڕۆکەوانی راگیراوە و تەنها دەروازەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان دەروازەی فەرمین بۆ هاتوچۆکردن، دەروازەکانی وەک سەیران بەند و پشتە و ئەوانی دیکە داخراون و زۆر بەتوندی چاودێری رەوشی دەروازەکان دەکەین و رەچاوی گوزەرانی هەمووان دەکەین و پێویستە گەڕاوەکان یارمەتیمان بدەن لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا".