Sarmand Hameed
23 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لەگەڵ ئەو وەزارەت و بەڕێوبەرایەتیانەی كە پەیوەندیدارن بە كاری دەروازە سنوورییەكان بە ئامانجی رێكخستنەوەی جموجۆڵی بازرگانی و دروستكردنی هەماهەنگی زیاتر بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە لە رێكخستنەوەی شێوازی كۆكردنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان و ھەروەھا رێكخستنەوەی میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو رێنماییانەی تایبەتن بە كاروباری دەروازە سنورییەكان.
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، گرنگە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بەكاری دەروازەكان، كار لەسەر كەمكردنەوەی رۆتین بكەن، لەپێناو ئاسانكاری زیاتر بۆ بازرگانان كە ئەمەش ھۆكارێكە بۆ چالاكتركردنی جموجۆڵی بازرگانی و بەھێزكردنی كەرتی تایبەت، ھەر بۆ ئەو مەبەستەش پێداگری كرد لەسەر داڕشتنی پەیڕەوێكی كاری هاوبەش لەگەڵ دیاریكردنی میكانیزم بۆ چۆنییەتی جێبەجێكردنی لە دەروازە سنوورییەكان.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیرانی ناوخۆ، دارایی و ئابووری، پلاندانان، شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاوەدانكردنەوە، تەندروستی، گواستنەوە و گەیاندن، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڕێوبەری گشتی گومرگ، نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و بەرێوەبەری گشتی بازرگانی ئامادەبوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ئەم کۆبوونەوەیە تەواوكەری کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی قوباد تاڵەبانی بووە لەگەڵ بەڕێوبەرانی گومرگەكانی ھەرێمی كوردستان و بانكە بازرگانییەكان کە تیایدا جەخت کراوەتەوە لەسەر چاكسازیکردن و رێکخستنەوەی كاری گومرگەكان و دەروازە سنورییەكان و كەمكردنەوەی رۆتین بەمەبەستی زیادكردن و ھەمەجۆركردنی داھاتی دارایی و چالاكتركردنی جموجوڵی بازرگانی.