Sarmand Hameed
31 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری پێشووی کەرکووک، نەجمەدین کەریم پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "کۆچی دوایی ھاوڕێم د.نەجمەدین کەریم خەمباری کردم. خەڵکی کوردستان زۆر بەداخن بۆ لە دەستدانی ئەم پێشمەرگە و سیاسەتڤانە نیشتمانپەروەرە".
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا ستایشی دڵسۆزی و خەمخۆریی نەجمەدین کەرێمی کردووە و نووسیوویەتی "دڵسۆزی و خەمخۆریی ئەو، بۆ خەڵک و دۆزی گەلی کوردستان، ھەرگیز لە یاد ناکرێت".
پێشتریش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا پەیامی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی پارێزگاری پێشووی کەرکووک نەجمەدین کەریم کردبوو.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا بڵاویکردبووەوە: ''بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەری دیار و بە ھەڵوێستی کوردستان دکتۆر نەجمەدین کەریم- م پێگەیشت. دکتۆر نەجمەدین لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە وەک پێشمەرگەیەک و سەرکردەیەکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و دواتریش لە دەرەوەی وڵات، رۆڵێکی گرنگیی لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ناساندنی پرسی کورد لە نێوەندە دیپلوماسیی و ئەکادیمییە جیھانییەکاندا ھەبوو''.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتبوو: ''لە دوای ئازادکردنی عێراقیش لە رژێمی دیکتاتۆریی، وەک پارێزگاری کەرکووک، جێدەستی لە قووڵکردنەوەی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتە جیاوازەکان و داکۆکیکردن لە پرسە نیشتمانییەکان دیار بوو''.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی نەجمەدین کەریم کردووە و تیاییدا ھاتووە: ''پرسە و سەرەخۆشی خۆم لە بنەماڵە بەڕێزەکەی و خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری کەرکووک دەکەم و، ھاوبەشی خەمیانم، خوای مەزن گیانی بە بەھەشت شاد بکات و ئارامییش بە ھەموومان ببەخشێت''.
پارێزگاری پێشووی کەرکووک و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان، نەجمەدین عومەر کەریم دوای مانهوهی چهند رۆژێک له یەکێک لە نهخۆشخانهکانی ئهمریكا، شهوی رابردوو بههۆی جهڵتهی مێشكهوه لە تەمەنی ٧١ ساڵییدا کۆچی دوایی کرد.