14 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، گوتارێک لەبارەی رێکار و رێنماییەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان پێشکەش کرد.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێش زوربەی ولاتانی دونیا بوو بۆ وەرگرتنی رێکارەکان"
دەقی گوتاری رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان :
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
ھاووڵاتییانی خۆشەویست :
ئەم کاتەتان باش
دەمەوێ لەم دەرفەتەدا راستەوخۆ باسی رێوشوێنەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناتان بۆ بکەم.
بەر لە ھەر شتێک ، سوپاستان دەکەم بۆ پابەندبوونتان بەو رێنمایی و رێکارانەی لە چەند ھەفتەی رابردوودا بۆ سەلامەتی ئێوەی بەڕێز گرتمانەبەر. پشتیوانیی و ھەماھەنگی ئێوەی بەڕێز زۆر گرنگە بۆ سنووردارکردنی ھەرچی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە .
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی لێژنەی وەزاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم،کە وێڕای ھەوڵدانیان بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان، بەردەوامن لە دابینکردنی پێداویستیی رۆژانەی خەلک و کۆنترۆلی بازاڕەکان. جیگەی خۆیەتی سوپاسی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و یەکە ئیدارییەکان و ھەروەھا وەزارەتی تەندروستی بکەم کە بە شیوەیەکی مەیدانی شەو و رۆژ لە خزمەتی ھاوولاتیان بەردەوامن. سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەو تیمە فریاگوزاریی و پزیشک وپەرستارانە دەکەم کە لە ریزی پێشەوەن و ژیانی خۆیان لەپێناو سەلامەتی ئێمەدا، دەخەنە مەترسییەوە .
ئاشکرایە ھەرێمی کوردستان وەک ھەموو ناوچەکانی تری دنیا ، رووبەڕووی ھەڕەشەیەکی چاوەڕوان نەکراو بووەوە کە ئەویش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێش زۆربەی وڵاتانی دنیادا بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و دەرکردنی رێنمایی تەندروستی. ئەوەبوو ھەر زوو بودجەیەکی فریاگوزاریمان تەرخان کرد و ھەنگاوی پێویستمان نا بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وەک: راگرتنی خوێندن لە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگاکان، کەمکردن و تەنانەت ڕاگرتنی دەوامی دامودەزگاکان و سنووردارکردنی ھاتوچۆ لە دەروازە سنوورییەکان و نەھێشتنی گردبوونەوەی گشتی و ئەنجامدانی پشکنینی پلەکانی گەرمای لەش لە فرۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان. دوای دیراسەکردنی دۆخەکەش ، بڕیارماندا ھاتووچۆی نێوخۆی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان وھەروەھا لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش رابگیرێت تەنیا بۆ حالەتی زۆر پێویست نەبێت . ئێستاش لە قۆناغێکداین کە پێویستە ھاتووچۆی ناو خودی شار و شارۆچکەکانیش سنووردار بکرێت.
ھاووڵاتییانی بەڕێز :
ئێمە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ پاراستن و سەلامەتی ئێوەی خۆشەویست . ئەو رێکارانەی دەگیرێنەبەریش ھەمووی لە پێناو سەلامەتی ئێوەیە . بەتایبەتی قەدەخەکردنی ھاتووچۆ لە پێناو ئەوەیە کەمترین پەیوەندی ھەبێت و ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی کەسانی تر تووش نەبن.
ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر ئێوە ، ئێوەش بەرپرسیارن بەرامبەر بە خۆتان و کەسوکارو ناسیاو و ھاووڵاتییانی تر . بۆیە ئەگەر ھەموومان بە حکومەت و ھاووڵاتییەوە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھاوکاری یەکتر بین و رێنماییەکان جێبەجێ بکەین ، دەتوانین رێگری لە بلاوبوونەوەی ئەو پەتایە بکەین و چەند زووتریش ئەوە بکەین، زووتر دەتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە.
ئەم پەتایە کە ھەرێمی کوردستان و زیاتر لە سەد وڵاتی دنیای گرتووەتەوە ، زیانی گیانیی ھەبووە. تا ئێستا لە ھەرێم ٢٨ ھاوولاتی تووشبوو ھەیە و یەک کەسیش گیانی لە دەستداوە . لێرەدا سەرەخۆشی لە کەسوکارەکەی دەکەم و ھیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ نەخۆشەکان دەخوازم.
بەداخەوە دەبێ بڵێین کاریگەرییە نێگەتیڤەکانی ئەم بارودۆخە لە رۆژانی داھاتوودا زیاتر بەدیار دەکەوێت. بەڵام سەرەڕای ئەمەش ھەر یەکێک لە ئێمە دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەری لە رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکەدا ھەبێت . بۆیە داواتان لێدەکەم پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەردەوام دەستەکانتان بشۆن و ھاتووچۆ و تێکەڵاوبوونی نێوانتان زۆر سنووردار بکەن و ھەتا بۆتان دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە. ھەرکاتێکیش ھەستتان بە نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە کرد پەیوەندی بە ھیڵی گەرمی ١٢٢ بکەن بۆ ئەوەی ھاوکاری و رێنمایی پێویستتان پێشکەش بکەن.
ھاووڵاتیانی بەڕێز:
ھەڕەشەکانی ڤایرۆسەکە بۆ سەر ژیانی خەڵک و ھەروەھا لێکەوتەکانی بۆ سەر بارودۆخی ئابووریمان زۆر جیددی و سەختن. بەڵام ئێوە ئاگادارن کە لە رابردوودا ھەڕەشەی زۆر مەترسیدارترمان رووبەرووبووەتەوە، بۆ نموونە بەدەیان جار رووبەڕووی ستەم و دیکتاتۆری و تیرۆر وەستاوین و سەرکەوتووش بووین. بۆیە دڵنیام ئەمجارەش بە ھاوکاریکردنی یەکتر و لە بەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان، دەتوانین یەکگرتووانە ئەو دۆخە سەختەش تێپەڕێنین.
لێرەدا داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و خاوەن موڵکەکان دەکەم کە رەچاوی ئەم بارودۆخە و گوزەرانی دوکاندارە کرێچییەکان بکەن بۆ ئەوەی ھەردوولا بەھاوبەشی تەحەمولی زیانەکان بکەن و ئەرکی کرێچییەکان سووک بکرێت.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی بۆ سەر ئابووری ھەرێمی کوردستان . ئێمە ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی سەلامەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان ، بۆیە داوا لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم، لەم ئەرکەدا ھاوکار و پشتیوانمان بن.
لە رۆژانی داھاتووشدا دەزگاکانی حکومەت قۆناخ بە قۆناخ لە ھەنگاوو رێکارەکانی پێویست بۆ رووبەڕووبەنەوەی ئەو دۆخە ئاگادارتان دەکەنەوە .
سوپاس بۆ پشتیوانیی و خۆڕاگریتان .
ھیوادارین ھەمووتان سەلامەت و پارێزراو بن و کوردستانیش بەھێزتر و ئاوەدانتر بێت.