15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2020
بەغدا - AA
وەک هەنگاوێک بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، قەدەغەی هاتوچۆ لە نێوان پێنج پارێزگای دیکەی عێراق راگەیەنرا و جوڵەی هاووڵاتییان تیایاندا سنووردار دەکرێت.
پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە داخستنی سەرجەم دەروازەکانی پارێزگاکە و قەدەغەی هاتوچۆیان لەناو شارەکە راگەیاندووە.
یاسری لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا داوای داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف-ی کرد و داوای لە هاووڵاتییان کرد پرسەدانان و ئاهەنگگێران رابگرن.
- پارێزگای بەسڕە دەروازەکانی شارەکەی داخست و رێگە بە هاتنە ناوەوەی هاووڵاتییانی پارێزگای دیکە نادات
پارێزگاری بەسڕە، ئەسعەد عیدانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، بڕیاریانداوە بە داخستی دەروازەکانی شارەکە و رێگە بە هاتنەناوەوەی هاووڵاتییانی پارێزگای دیکە نادرێت.
عیدانی ئاماژەی بەوەشکرد کە هاوکات بڕیاردراوە بە داخستنی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان و گردبوونەوە قهدهغهكراوه.
پارێزگاری بەسڕە سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئەوان پابەندن بە داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئێران و کوێت بە تەواوی بەڕووی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی کەلوپەلدا.
هەروەها پارێزگای نەینەوا بڕیاریدا بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی دوو رۆژ لە پارێزگاکەدا، هاوکات هەردوو پارێزگای کەرکووک و دیوانییە سنوورەکانیان لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە داخست.
هاوکات پارێزگای واست وەک هەنگاوێک بۆ بەرگرتن لە بڵابوونەوەی کۆرۆنا، هاتوچۆی لە ناوەوە و دەرەوەی پارێزگاکە تا کاتێکی نادیار راگرت.
هەفتەی رابردوو، پارێزگای کەربەلا بڕیاریدابوو بە داخستنی سنوورەکانی لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگەیاندنی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لەشارهكانی هەولێر و سلێمانی بۆ ماوەی دوو رۆژ.
بەپێی دوایین داتای وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تا ئێستا ١٠٢ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون.