Sarmand Hameed
15 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو پشکنینانەی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوو بۆ گومانلێکراونی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان ئەنجامیانداوە، سەرجەمیان نێگەتیڤ بوونە و هیچ تووشبوویهکی نوێ تۆمارنەکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٢٧ پشکنین ئەنجامدراون، کە ٢٠٤یان لە شاری هەولێر و ١٤یان لە شاری سلێمانی و ٩یان له شاری دهۆک بوون، خۆشبەختانە تا دەرچوونی ئەم راگەیەنراوە سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و هیچ تووشبوویهکی نوێ تۆمارنەکراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژە بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانە دراوە کە لەلایەن وەزارەتەکەوە کەرەنتینکراون و تیایدا هاتووە "ژمارەی هاووڵاتییان کە لە کەرەنتینەکاندا بوون سێ هەزار و ٧٤٢ هاووڵاتیی بوون لە ٣٣ شوێنی جیاواز کە لەئێستادا تەنها هەزار و ٣٥٢ هاووڵاتی لە کەرەنتیندا ماونەتەوە، و دوو هەزار و ٣٩٠ هاووڵاتیی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان، دوای تەواوبوونی ماوەی دوو هەفتە، لەگەڵ کەرەنتینکردنی ژمارەیەکی دیکەی ئەمڕۆی کەرەنتینکراو کە ٤٠٠ کەس لە هەولێر، ٢٥ کەس لە سلێمانی، ٨٩ کەس لە دهۆک سێ کەس لە هەڵەبجە و شەش کەس لە گەرمیانن".
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکراکردووە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنان لە هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە "کۆی گشتیی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا (٢٨) تووشبووە کە هەموویان لەژێر چاودێری پزیشکییدان و لەنێویاندا یەک مردن هەیە و نەخۆشێکیش بەتەواوی چاکبووەتەوە".