Zana Natık Kerem
14 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2020
بەغدا - AA
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، ژمارەیەک پۆلیس و کەسی مەدەنی لەسەر ئەو هێرشە مووشەکییەی کە ئەمڕۆ کرایە سەر بنکەی سەربازیی تاجی باکووری بەغدا، دەستگیرکراون.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی تاجی باکووری شاری بەغدا کران کە هێزەکانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون و بەهۆیەوە، دوو کارمەندی هێزەکانی بەرگریی عێراق برینداربوون.
لەوبارەوە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی ئاراستەکردنی مووشەکەکاندا، حەوت سەکۆی هەڵدانی مووشەکیان دۆزیوەتەوە کە لەناو گەراجێکدا بوون لە ناوچەی ئەبو عیزام بە دووری چەند کیلۆمەترێک لە بنکەی سەربازیی تاجی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دوای دۆزینەوەی ئەو حەوت سەکۆیە، خاوەنی گەراجەکە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لەنێو گەراجەکەدا کار دەکەن، هەروەها سەرجەم ئەو کارمەندە ئەمنییانەی کە لە خاڵێکی ئەمنی نزیک گەراجەکەدا بوون، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە دەستگیرکراوەکان رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون.
جگە لە هێرشەکەی ئەمڕۆ، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئاکامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری شاری بەغدا کە هێزەکانی ھاوپەیمانیەتی نێودەڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون، دوو سەربازی ئەمریکی و یەک سەربازی بەریتانی کوژران و ١١ سەربازی دیکەش برینداربوون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی دەست پێکردووە و هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە خستووەتەڕوو.
هەر دوای هێرشەکەی یەکەم سەر بنکەی سەربازیی تاجی باکووری شاری بەغدا، سێ خاڵی سەربازیی سەربە هێزهكانی نزیك له ئێران لە رۆژھەڵاتی سووریا بۆردومان كرا.