Zana Natık Kerem
14 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2020
بەغدا - AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند، جارێکی دیکە ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی سەربازیی تاجی باکووری بەغدا کراون کە هێزەکانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکدا بۆ میدیای خۆجێی ئاشکرای کردووە کە ١٥ مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی بنکەی سەربازیی تاجی کراون.
بە گوتەی سەرچاوەکە، هێشتا زیانەکانی بۆردومانە نەزاندراوە، بەڵام دووکەڵ لە بنکەکەدا بەرزبووەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە ئاکامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی تاجی لە باکووری شاری بەغدا کە هێزەکانی ھاوپەیمانیەتی نێودەڵەتی دژبە داعش تیایدا جێگیرکراون، دوو سەربازی ئەمریکی و یەک سەربازی بەریتانی کوژران و ١١ سەربازی دیکەش برینداربوون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی تاجی دەست پێکردووە و هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە خستووەتەڕوو.
هەر دوای هێرشەکەی یەکەم سەر بنکەی سەربازیی تاجی باکووری شاری بەغدا، سێ خاڵی سەربازیی سەربە هێزهكانی نزیك له ئێران لە رۆژھەڵاتی سووریا بۆردومان كرا.