Zana Natık Kerem
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند کە کاتی ئەوە ھاتووە لە کۆمەڵگادا، کۆتایی بە حاڵەتەکانی ژنکوشتن بھێندرێت و گوتی: "ھێشتا لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین پیاوانێک ھەن وا بیردەکەنەوە کە ھەڕەشە، ئازاردان و کوشتنی ژنان ئاساییە".
قوباد تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی رووداوی سووتاندنی شنیار ھونەر لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "بیستنی ھەواڵی ژیانئاوایی شنیار خەمباری کردم، شنیارخان ھاووڵاتییەکی بێ تاوان بوو، تەنھا ژن بوونی تاوانی بوو".
راشیگەیاندووە "لە کاتێکدا دەستخۆشی لە ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش دەکەم کە دەستبەجێ تاوانبارانی ئەم تاوانانە دەستگیردەکەن، بەڵام بە ئازارم کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ھێشتا لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین پیاوانێک ھەن وا بیردەکەنەوە کە ھەڕەشە، ئازاردان و کوشتنی ژنان ئاساییە، ھەروەھا لەوەش بە ئازارتر ئەو بێ ھەڵوێستییە شەرمھێنەرەی کۆمەڵگاکەمانە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھەروەھا رایگەیاندووە "ئەرکی ئێمە تەنھا گرتن و سزادانی ژنکوژان نییە، بەڵکو وەک کۆمەڵگا پێکەوە بە پیر و گەنج، حکوومەت و کۆمەڵگای مەدەنی، دادگا و مزگەوتەکان، بە یەک دەنگ بڵێین بەسە، چی دی جێگای قبوڵ نییە و کاتی کۆتاییھێنانە بە کولتووری ژنکوشتن، چونکە ھیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە".
دوو رۆژ لەمەوبەر شنیار ھونەر لەلایەن ھاوسەرەکەوە گڕی تێپەردرا و بەھۆیەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا.