Zana Natık Kerem
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردان لەبارەی دەستووریبوونی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بۆ جاری دووەم بۆ یەکی ئاداری داھاتوو دواخست.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دانیشتنی تێڕوانین لەبارەی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بۆ جاری دووەم لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە ئەنجام دا.
لە میانی دانیشتنەکەدا، دادگای باڵای فیدراڵیی بڕیاردان لەبارەی دەستووریبوونی کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بۆ جاری دووەم بۆ یەکی ئاداری داھاتوو دواخست.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رۆژی حەوتی ئەم مانگە، نەیتوانی سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرێت، رۆژی ھەشتی ئەم مانگە بۆ جاری دووەم کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار راگەیاند کە ٥٩ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کرد.
دۆینێ سێشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ژمارەی ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندیدکردووە بڵاوکردەوە
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە درابوو کە ٥٩ کەس خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندیدکردووە، بەڵام ٢٦ کاندید بە هۆکاری جیاجیا دوورخرانەوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راشیگەیاندووە کە ٣٣ کاندید لە کۆی ئەو ٥٩ کەسەی کە خۆیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندیدکرد بوو بەپێی یاسا مەرجەکانیان بۆ خۆکاندیدکردن جێبەجێکردووە.