Rewa Mahmood Hasan
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2022
سلێمانی - AA
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی سیمپۆزسیۆمێک لەژێر ناوی "کاریگەریی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگا" بەرێوەچوو.
زانکۆی پۆڵیتەکنیکی سلێمانی، سەنتەری خزمەتی کۆمەڵگا بە هاوبەشی رێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنییەت و فیدراسیۆنی جیهانیی دژبە ماددەی هۆشبەر، سیمپۆزیۆمێکیان لەژێر ناوی، "کاریگەری ماددە هۆشبەرەکان لەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگا" رێکخست.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئارینا مستەفا باسی لە سیمپۆزسیۆمەکە کرد و گوتی: "ئێمە ئەمڕۆ ئەم سیمپۆزیۆمەمان ئامادە کردووە و هەوڵمان داوە ئەم پرسە (بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر) کە خەریکە دەبێتە دیاردە، باس بکەین کە مەترسی هەیە لەسەر تاک لەلایەنی دەروونی، تەندروستی و ئاسایشی کۆمەڵگا، چونکە چەندە کاریگەریی بکاتە سەر تاک، هێندە کاریگەریی دەکاتە سەر کۆمەڵگا، چونکە بەشێکن لەم کۆمەڵگایە. جا چی بە کێشان بێت یان بازرگانیکردن پێیەوە. لەلایەنی ئابوورییەوە زیان بە ئابووری دەگەیەنێت، لەڕووی ئایینەوە گوناحە و لەڕووی ئاسایشەوە زیانی هەیە بۆ کۆمەڵگا".
ناوبراو باسی لەوە کرد لە سیمپۆزسیۆمەکەدا، چەندین پسپۆری ئەمنی، ئابووری، دەروونی و ئایینی ئەم دیاردەیە لێکدەدەنەوە و رایگەیاند کە هەموو لایەن پێویستە بەردەوام بن لەسەر رۆشنبیرکردنی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگا و لە مەترسییەکان ئاگادار بکرێنەوە.