Zana Natık Kerem
23 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند کە لاپەڕەیەکی گرنگیان لە جەنگێکی رژێمی بەعسی ستەمکار داخست کە گەلی وڵاتەکەی و ھەموو ناوچەکە باجەکەیان داوە.
بەرھەم ساڵح لە تویتێکدا لەبارەی کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی داگیرکردنی کوێت لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە نووسیوویەتی "لاپەڕەیەکی گرنگمان لە جەنگێکی پووچی رژێمی ستەمکار داخست کە گەلی وڵاتەکەمان و ھەموو ناوچەکە باجەکەیان داوە".
راشیگەیاندووە "ئەمڕۆ عێراق ھەوڵدەدات باشترین پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دۆست، دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ھەبێت، ھەروەھا پاڵپشتیش لە ئاسایش و ئاشتیی لە ناوچەکە دەکات، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی ھاوبەشی ھەمووان دایە".
پێشتر وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن دەرچوونی وڵاتەکەی لە رێوشوێنەکانی بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند، ئەوەیش دوای ئەوەی عێراق تەواوی قەرەبووکردنە و داراییەکانی بەھۆی جەنگی کەنداو لە نەوەدەکانی سەدی رابردوو، داوە بە کوێت.