Sarmand Hameed
04 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر ئاشكرایكرد، لە ئاکامی ئەو ئاگرهی لە کەمپی شاریا كهوتهوه کە ئاوارەکانی شنگال تیایدا نیشتەجێن، ٣٧٠ خێوهت سووتاون.
عەلی تەتەر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک زانیاریی لەبارەی زیانەکانی ئەو ئاگرەی کە لە کەمپی شاریا باشووری پارێزگای دھۆک کەوتەوە، بڵاوکردەوە.
عەلی تەتەر رایگەیاندووە، دوای رووداوەکە سەردانی کەمپەکەی کردووە و ئاگرەکەش کۆنتڕۆڵکراوە.
پارێزگاری دھۆک ئاماژەی کردووە کە تیمەکان سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو بەشەی کەمپەکەن کە سووتاوە.
عەلی تەتەر ئاشکرایشی کردووە ٣٧٠ خێوهت سووتاون، ١٨٤ خێزان تیایاندا نیشتەجێبوون کە سەرجەمیان ٩٩٤ کەسن و سەرجەم کەلوپەل و سامانیان سووتاوە.
تیشكی خستووهته سهر ئهوهش کە ھاوکاری بەپەلە لە خێوهت و بەتانی و خواردن و ھاوکاریی دیکە بۆ ئاوارەکان دابین دەکەن و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن کە بە زووترین کات قەرەبووی ئەو ھاووڵاتییانە بکەنەوە کە بەھۆی رووداوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.
پارێزگاری دھۆک ئەوەی دووپاتکردووەتەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەھەموو توانایەوە لەگەڵ و ئاوارە و پەنابەراندا دەبێت.
دوای نیوەڕۆی رۆژی ھەینی، ئاگرێک لە کەمی شاریا لە پارێزگای دھۆک کە ئاوارە ئێزدییەکان تیایدا نیشتەجێن، کەوتەوە. بە گوتەی ھاووڵاتییەکی نیشتەجێی کەمپەکە کە باژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ئاگرەکە بەھۆکارێکی نادیار کەوتووەتەوە.
کەمپی شاریا دەکەوێتە باشووری پارێزگای دهۆک و هاووڵاتییانی ئێزدیی تیادا نیشتەجێیە کە بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال لە هاوینی ٢٠١٤دا، ئاوارە بوون و لەو کەمپەدا گیرسانەوە.