Rawan Subhi Obaidullah
25 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2022
دھۆک - AA
ئەمڕۆ لە قەڵای "نزارکێ"ی لە شاری دھۆک، رێوڕەسمی یادکرنەوەی ٣٤ ساڵەی ئەنفالکراوانی بادینان بەرێوەچوو، پارێزگاری دھۆک رایگەیاند "کاتی خۆی و پێش ٣٤ سال دەوڵەتی تورکیا دەرگای خۆی بەرامبەر خەڵکی بادینان کردووە کە ئەمەش جێگای رێز و پێزانینە".
پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر لە رێورەسمەکەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی: "پێش ٣٤ ساڵ و لە قۆناغی ھەشتەمدا کە رژێمی پێشووی بەعسی رووخاو ئەنفالی بەسەر خەڵکی بادیناندا ھێنا، خەڵکەکە ناچاربوو روو لە سنووری تورکیا بکات، تورکیاش خەڵکی بادینانی وەک پەنابەر وەرگرت، کە ئەمە جێگای سوپاس و پێزانینە، ھەروەھا وڵاتی ئیرانیش دەرگای خۆی بۆ پەنابەرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دەیان ھەزار کەس روویان لەو وڵاتە کرد".
قۆناغی ھەشتی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعسی رووخاو لە ٢٥ی ئابی ١٩٨٨ دەستی پێکرد و لە شەشی ئەیلوولی هەمان ساڵ کۆتایی ھات، ئەم قۆناغە ناوچەی بادینانی گرتەوە و سەدان گوند کاولکران و چەندین ھاووڵاتی مەدەنی بێتاوان شەھیدکراون.
عەلی تەتەر ئاماژە بەوەدا کە ٢٥ی ئاب رۆژێکی " کارەساتبار"ە لە مێژووی دەڤەری بادینان، رۆژێکی رەشە، جیاوازی نێوان قۆناغی ئەنفالی بادینان و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە ئەنفالی بادینان کە قوناغی ھەشتەم و کۆتایی بوو، سەخترین و فراوانترین و توندترین قوناغ بوو، چونکە ئەنفالی بادینان دوای کۆتاییھاتنی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بوو، سوپای عێراق ھەموو ھێزەکانی لە بەرەکانی جەنگ گواستەوە بادینان و دەستی بە ئەنفالی بادینان کرد، ٤٨٨ گوندیان وێران کرد و خەڵکی ئەم گوندانە شەھید و ئەنفالکران، لەماوەی نیوی کاتژمێردا، ٣٤ ھێرش بە فڕۆکە کرایە سەر دەڤەری بادینان و سوپای عێراق زۆر بە تەکتیک ھەوڵیاندا کەس لە پرۆسەی ئەنفاڵدا رزگار نەبێت و پێنج ھەزار و ٥٣١ پیاو لە ٢٥ی ئابەوە تاوەکو ٣ی ئەیلوولی ١٩٨٨ لە خەڵکی بادینان کەوتنە دەستی رژێمی بەعسی لەناوچوو، ھەروەھا چوار ھەزار و ٣٦١ ژن و ١١ ھەزار و ١٣ منداڵ و ژمارەیەکی زۆریش لە رۆژانی ٤ بۆ ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ کەوتنە دەست رژێمی بەعس".
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی دھۆک، ژیان مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ ئاماژە بەوەدا، ئەوان رێوڕەسمی ٣٤ ساڵەی ئەنفالکراوانی بادینان لە قەڵای نزارکی یاد دەکەنەوە، ئەو قەڵایەی کە خۆی شاهێدە لە سەر ئەو تاوانەی رژێمی بەعسی لەناوچوو دژی خەڵکی بادینان ئەنجامی داوە و گوتی: "داواکاریمان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە قەڵای نزارکێ بکاتە مۆنۆمێنتی ئەنفالی بادینان کە ئێستا لە قوناغی دیزاینکردن تەواو بووە، بۆ ئەوەی ھەموو ئەو بەڵگە و تاوانانەی کە سۆپای عێراق ئەنجامیداوە لەم قەڵایە کۆبکرێتەوە، چونکە زۆرێک لە دۆکیۆمێنت و بەڵگەکان لە دەستی خەڵکدان و دەترسین لەناو بچن، هەروەها پێویستە لەسەر حکوومەتی عێراقیش کەسوکاری ئەنفالکراوان قەرەبوو بکاتەوە، و پێویستە وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوەکانی ھەرێمی کوردستان رووفاتی ئەنفالکراوانی بادینان بگەرێنێتەوە".
ساڵی ٢٠١٨ رووفاتی ١٣ کەس لە ئەنفالکراوانی بادینان دۆزرانەوە و لە قەڵای نزارکێ لە گۆڕستانێکی تایبەت بە خاکسپێردراون.
کەسەر ئەمین برجینی یەکێکە لەو کچانەی کە لە کۆمەڵگای بەحرکە لە شاری ھەولێر لە دایکبووە، ئەو دەڵێت ناویان لێناوە کەسەر چونکە باوکی لە ئەنفالدا شەھید بووە، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ گوتی: "ھەموو ساڵێک لە یادی ئەنفالی بادینان برینەکانمان نوێ دەبنەوە و پرسە دادەنێین، لە قەڵای نزارکێ دەیان پیاو لە لایەن رژێمی بەعسی لەناوچووە بە بلۆک شەهیدکران و گیانیان لەدەستداوە، داوکاریمان لە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ئەوەیە کە کار بکات بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتی ئەنفالکراوانی بادینان و مۆنۆمێنتی ئەنفالی بادینان لە قەڵای نزارکێ دروست بکرێت و ھەوڵ بدرێت تاوانەکانی ئەنفاڵ لەسەر ئاستی نێودەولەتیی بە جینۆساید بناسێندرێت و فشار لە حکوومەتی عێراق بکرێت کە مووچەی و دەڕمالەی کەسوکاری ئەنفالی بادینان دابین بکات و بەداوداچوونێک بۆ مامەلەی زیندانیانی سیاسی لە دھۆک بکرێت، چونکە زۆر بە ھێواشی بەڕێوە دەچن، ھەروەھا بەشێک لە شوقەی نێشتەجێبوونی کەم دەرامەت بۆ کەسوکاری ئەنفال دابین بکرێت".
سەلام زێوەیی یەکێک لەو کەسانەیە کە ٤٤ کەس لە گوندەکەیان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوون کە سێ لەو کەسانە برای ئەوبوون لە گەڵ باوکی، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆلۆ ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان ھیچ داواکارییەکیان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نییە، چونکە حکوومەتی ئەوسای عێراق کارەساتی ئەنفالی بە سەر گەلی کورد دا ھێنا و گوتی: "داواکارین رووفاتی کەسوکارمان بۆ بگەڕێننەوە، ئیسک و پروسکی قوربانیانمان بۆ بگەڕێننەوە، من ئێستا لە شوێنێکم لە قەڵای نزارکێ ئەو شوێنەی باوکمی لێ ئەشکەنجەدەدرا، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لێرەین و ئاڵامان دەبینم، ھەموو ھەفتەیەک دوو بۆ سێ جار من سەردانی قەڵای نزارکێ دەکەم، چونکە ئەو کات تەمەنم ١٢ ساڵ بوو، بە چاوی خۆم دەمبینی کە برا و باوکم ئەشکەنجە دەدران، خەڵک روو لە گۆرستانی شاخکێ دەکات من دێمە ئێرە، ٣٤ ساڵە لەبەر لەدەستدانی باوک و براکانم ریشم نەتاشیووە و ٢٦ ساڵە جڵی رەش لەبەردەکەم".
25.08.2022 ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالی بادیناندا تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ لە قەڵای "نزارکێ"ی لە شاری دھۆک، رێوڕەسمی یادکرنەوەی ٣٤ ساڵەی ئەنفالکراوانی بادینان بەرێوەچوو.