22 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
دھۆک - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک، فەھیم عەبدوڵڵا رایگەیاند "بڕیاری گوڕینی پارێزگاری دھۆک یەکلایی بووەتەوە و تەنها رێکارە یاساییەکان ماون بگیرێنەبەر، رێکارەکانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆک دەست پێ دەکەن و بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ئەنجوومەنەکان لە ئەنجوومەن دەنگدانی لەسەر دەکرێت و دواتر مەرسومی سەرۆکایەتی دەردەچێت لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانەوە و پارێزگاری نوێ سوێندی یاسای لە بەردەم سەرۆکی ھەرێم دەخوات".
فەھیم عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری داوە کە عەلی تەتەر لە شوێنی فەرھاد ئەتروشی بکرێت بە پارێزگاری دھۆک".
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرەتای مانگی داھاتوودا، رێکارە یاساییەکان بۆ گوڕینی پارێزگاری دھۆک دەست پێ دەکەن.
فەرھاد ئەتروشی کە بڕیار وایە پۆستی پارێزگاری دھۆک جێ بهێڵێت لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە و هەڵگری بڕوانامەی دکتورایە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ماوەی شەش ساڵە پارێزگاری دھۆکە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا، پێشتریش ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە فراکسیونی پارتی دیموکراتی کوردستان.
عەلی تەتەر کە وا بڕیارە پۆستی پارێزگاری دھۆک وەربگرێت لە دایکبووی ساڵی ١٩٦٨ە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە مێژوو و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە تا ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانە و لە ساڵی ٢٠١٧ کراوە بە بەرپرسی لقی هەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ و تا ئێستا لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە.