22 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند كە گفتوگۆكانیان لەگەڵ ناتۆ سەبارەت بە میكانیزمی كاری هاوبەش لە شەڕی دژبە داعش، بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە كە فوئاد حوسێن لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان ستایشی رۆڵی حکوومەتی فەڕەنسای كردووە لە شەڕی دژبە رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و پێشكەشكردنی پاڵپشتی بە هێزەكانی عێراق.
بەپێی راگەیەندراوەكە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بە گرنگی زانیوە کە پێكەوە كارکردن بۆ لەناوبردنی هەڕەشەكانی داعش بەردەوام بێت و رایگەیاندووە:
"گفتوگۆكانمان لەگەڵ ناتۆ سەبارەت بە میكانیزمی كاری هاوبەش لە شەڕی دژبە داعش، بەردەوام دەبێت".
فوئاد حوسێن باسی لەوەیش كردووە كە پێویستە وڵاتانی دیكە رێز لە سەروەری عێراق بگرن و بنەمای دەستوەرنەدان پەیڕەو بكەن و كێشەكانی نێوانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و رایگەیاندووە:
"سیاسەتی نوێی عێراق پشت بە دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت".
لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان پاڵپشتی وڵاتەكەی بۆ سەرەوەریی عێراق و بەدیهێنانی سەقامگیری هەرێمیی لە ناوچەكە دووپاتكردووەتەوە.
جان ئیڤ لۆدریان خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە سازكردنی خولی یەكەمی گفتوگۆی ستراتیجیی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن بە تایبەتیش ئەوەی كە دەستەبەركراوە لە رێككەوتنی پاراستنی سەرەوەریی عێراق، سەربەخۆی بڕیاری عێراق و دوورخستنەوەی عێراق لە گرژییەكانی ناوچەكە.
راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە كە وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا باسی لە گرنگی پاڵپشتیكردنی عێراق لە رووی ئابوورییەوە كردووە رایگەیاندووە:
"گرنگە بڕیارەكانی كۆنگرەی كوێت پەیوەست بە دووبارە ئاوەدانكردنەوە و بناتنانەوەی ناوچە كۆنترۆڵكراوەكانی عێراق جێبەجێ بكرێن، بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانەی كە لە كۆنگرەكەدا بەشداربوون، بەڵێنەكانیان لەوبارەوە جێبەجێ بكەن".
جان ئیڤ لۆدریان راشیگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە پێشكەشكردنی پاڵپشتی لە سەرجەم بوارەكاندا بە عێراق بە تایبەتیش لە بواری ئابوورییدا.