Ekip
14 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2024
دھۆک - AA
پارێزگاری دھۆک، عەلی تەتەر لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا داوای لە چەکدارەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەی کرد کە ناوچەکە بەجێبھێڵن و ڕایگەیاند: "ھیچ کێشە و ئاڵۆزییەک لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە نامانوەستێنێت".
پارێزگاری دھۆک چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری سنووری قەزای ئامێدی بەسەرکردەوە کە بە کۆژمەی ١٢ ملیار دینار ئەنجام دەدرێن و ھەروەھا ١٣٠ خێزانی سنووری ناحیەی دێرەلوک سەر بە قەزای ئامێدی قەرەبوو کردەوە کە لە ئەنجامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە.
عەلی تەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بەداخەوە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ لە ناوچەی ئامێدی شەڕێک دەکرێت شەڕی ئێمە نییە، بەداخەوە ئەو ئازادییەی دوای سەرھەڵدان کە بەرھەمی دەیان ھەزار شەھیدە، ھەندێک چەکدار نەیانھێشتووە خەڵک وەکو پێویست ھەست بە خۆشی ئەو ئازادییە بکەن، بە تایبەت خەڵکی قەزای ئامێدی، ئەمڕۆ ئێمە ھاتووین پێمان نەخۆشە کە بڵێن قەرەبووی ئەو کەسانە دەکەین کە بە ھۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەو زیانەی لەم ناوچەیە بەرمان کەوتووە بە ھیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە، تاکو چەکدارەکان لە ناوچەکەمان دەرنەچن، ئێمە قەرەبوو ناکرێین، هەروەها تا ئەم شەڕە بەردەوام بێت، قەرەبووی گوندەکانمان ناکرێتەوە، ھەموو مالی دوونیامان بدەنێ قەرەبووی گوندەکانمان ناھێنێت، بۆیە ھەڵویستی ئێمە ئەوەیە و دوپاتی دەکەینە کە ئەم چەکدارانە ئەم ناوچەیە بەجێبھێڵن، چونکە ئەو شەڕە ھیچ مانایەکی نییە".
ئامێدی بە دووریی ٩٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری دھۆک، بەھۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی رێکخراوی تیرۆريستيی پەکەکە لە دەڤەری ئامێدی و گوندە سنوورییەکانی دەڤەرەکە، تاوەکو ئێستا ٢٠١ گوند بە چۆلکراوی ماونەتەوە.