Rawan Subhi Obaiullah
31 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2023
دھۆک - AA
لە دوێنی شەوەوە شەپۆلێکی سەرماوسۆڵە ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە لە ناوچەکانی سنووری قەزای ئامێدی، سوارەتووکا، کانی ماسێ و دەرکارێ بەفربارین دەستیپێکرد. بە جۆرێک ئەستووری بەفر لە، کانی ماسێ گەیشتە ١٥ سانتیمەتر، لە بناڤیێ ١٠ سانتیمەتر، مانگێشک ٥ سانتیمەتر و بامەرنێ ٢ سانتیمەتر.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کشتۆکاڵی دھۆک، ھۆبەی کەشناسی تاوەکو ڕۆژی ٣١/٣/٢٠٢٣ لە پارێزگای دھۆک ٤٠٨.٣ ملم باران باریووە و ساڵی رابردوو تاوەکو ئەمڕۆ ٣٤٢.٢ ملم باران باریبوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم رایگەیاندبوو، بارستە ھەوایەکی سارد لە تورکیاوە روو لە ھەرێم دەکات و کاریگەریشی لەسەر سنووری پارێزگای دھۆک دەبێت و بەھۆیەوە لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە بۆ ژێر سفری سەدی.
لەبارەی سبەی رۆژی شەممە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لە ھەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ ھەوری تەواو، لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری بارینی کەمێک نمەباران ھەیە و پلەکانی گەرماش بەرزدەبنەوە.