Sarmand Hameed
04 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2021
هەولێر- AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦١٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٧١٠ کەس چاکبوونەتەوە، شەش کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦١٠ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە ٢٤٦ کەس، ٢٢٤ لە دهۆک، ٩٢ لە هەولێر، ٣٧ لە گەرمیان، شەش کەس لە راپەڕین و پێنج کەس لە هەڵەبجە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٧١٠ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە سلێمانی بووە بە ٢٢٩ کەس، ٢١٠ لە هەولێر، ١٩٨ لە دهۆک، ٥٠ لە گەرمیان، ١٤ لە هەڵەبجە و نۆ کەسیش لە راپەڕین.
هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، شەش کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، چوار کەس لە دهۆک، یەک کەس لە هەولێر و یەک کەسەکەی دیکە لە سلێمانی بووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، یەک ملیۆن و ٩١٣ هەزار و ٩٥١ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ١٧٢ هەزار و ٤٨٣ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و چوار هەزار و ٣٠٨ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٥٩ هەزار و ٣٣٤ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا هەشت هەزار و ٨٤١ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەرییدا ماون.