Sarmand Hameed
04 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2021
هەولێر - AA
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی هەماهەنگی قەیرانەکان لە پارێزگای هەولێر بەھاوبەشی دەزگای خێرخوازی بارزانی و بە ھەماھەنگی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوکاریی و کۆمەکی بۆ ئاوارەکانی کەمپی شاریا لە پارێزگای دهۆک رەوانە کردووه.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێر بڵاویكردووتهوه، ئەو هاوکارییەی کە لە هەولێرەوە رەوانەی دهۆک کراوە بریتی بووە لە ٢٥٠ خێوەت، پێنج هەزار بەتانی، سێ هەزار کارتۆن زەیت، ٢٥٠ کارتۆن کەلوپەل و پێداویستی منداڵان و سێ هەزار و ٣٦٠٠ کارتۆن کەلوپەلی پاککەرەوە.
لەمبارەیەوە پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو رایگەیاندووە: "وەکو پارێزگای ھەولێر ئامادەین ھەرچی پێویست بێت بۆ زیانلێکەوتووان ئەنجامی بدەین".
دوای نیوەڕۆی رۆژی ھەینی، ئاگرێک لە کەمی شاریا لە پارێزگای دھۆک کە ئاوارە ئێزدییەکان تیایدا نیشتەجێن، کەوتەوە. بە گوتەی ھاووڵاتییەکی نیشتەجێی کەمپەکه، ئاگرەکە بەھۆکارێکی نادیار کەوتووەتەوە.
پارێزگاری دهۆک، عەلی تەتەر لەبارەی زیانەکانی ئەو ئاگرەی کە لە کەمپی شاریا باشووری پارێزگای دھۆک کەوتەوە ئاشکرایکردبوو کە کە لەو بەشەی کەمپەکەدا کە ئاگری گرتبوو، ٣٧٠ خێوهت سووتاون کە ١٨٤ خێزان تیایاندا نیشتەجێبوون کە سەرجەمیان ٩٩٤ کەسن و سەرجەم کەلوپەل و سامانیان سووتاوە.
کەمپی شاریا دەکەوێتە باشووری پارێزگای دهۆک و هاووڵاتییانی ئێزدیی تیادا نیشتەجێیە کە بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەر شنگال لە هاوینی ٢٠١٤دا، ئاوارە بوون و لەو کەمپەدا گیرسانەوە.