عێراق: "ھێرش و بۆردومانەکانی سەر ھێزەکانمان زیان بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دەگەیەنن"
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە سکاڵایەکی فەرمی بە بەڵگەنامە و زانیاری ورد لەبارەی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەھەمبەر ھێرشەکانی سەر ھێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی پەیامێکی توندی ئاراستەی ئەمریکا کرد و ئاماژەی بەوەشدا کە سکاڵایەکی فەرمی بە بەڵگەنامە و زانیاری ورد لەبارەی پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بۆردومانەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ سەر ھێزەکانی سوپای عێراق لە بنکەی سەربازیی حەبانییە سەربە پارێزگای ئەنبار، بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "سەرەڕای ھەموو ھەوڵە سیاسییەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێیەکانی ناوچەکە و ھاوکات لەگەڵ ھەموو ئەو ھەوڵە دیپلۆماسییانەی کە حکوومەت بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و دەستەبەرکردنی ئازادی بازرگانی و جوڵە و ئاڵوگۆڕی ئابووریی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی خستووەتەیەگەڕ، ھێرشە سەرزەنشتکەرەکان کە یەکە سەربازییەکانمان دەکەنە ئامانج بەردەوامن و لە دوایین ھێرشدا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، کلینیکی سەربازیی لە بنکەی حەبانییە سەر بە وەزارەتی بەرگریی بۆردومان کراوە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک سەرباز بوونە قوربانی".
ھەروەھا سەباح نوعمان دووپاتی کردەوە کە لە بەرامبەر ئەو ھێرش و بۆردومانانەی کە دەکرێنە سەر ھێزەکانی سوپا و حەشدی شەعبی بێدەنگ نابن و ڕاشیگەیاندووە، حکوومەت و ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مافی خۆیانە بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەموو ڕێگارێکی پێویست، وەڵامى ھێرش و بۆردومانەکان بدەنەوە، جگە لەوەش ئەو ھێرش و بۆردومانانە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەگەیەنن.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەم ھەنگاوانە تەنھا دەبنە مایەی سەختی و ئاستەنگی زیاتر لە بەردەم ھەوڵەکانی سەقامگیری بەردەوام لە ناوچەکەدا و ھاتووە: "سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپاردووە لەوەی ھەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بانگھێشت بکات و یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی توندی ئاراستە بکات کە ھەڵوێستی پتەو بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و سەرکۆنەکردنی ئەم کردە نابەرپرسیارانە دەخاتە ڕوو".
ڕاشیگەیاندووە کە سکاڵایەکی فەرمی بە بەڵگەنامە و زانیاری ورد لەبارەی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانی ھێرشێکی ئاسمانییدا، بنکەی سەربازیی لە بنکەی حەبانییە، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، بۆردومان کران.
وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ئاکامی بۆردومانەکەدا، حەوت سەربازی کوژراون و ١٣ی دیکەیش برینداربوون.
