Zana Natık Kerem
29 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2021
ھەولێر ــ AA
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق رایگەیاند کە تا ئێستا، ١١٢ ئەفسەر و کارمەندی ئەمنی لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندرانەوە، بانگھێشتی لێکۆڵینەوە کراون.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپیشاندەران لە عێراق، محەمەد جەنابی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، تا ئێستا لیژنەکەیان وردبینی بۆ حەوت ھەزار بەڵگەنامە لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە، کردووە و گوتی: "تا ئێستا ٢٢ ئەفسەر بە پلەی نەقیب تا پلەی لیوا لەگەڵ ٩٠ کارمەندی ئەمنی لەبارەی کوشتنی خۆپیشاندەرانەوە، بانگھێشتنی لێکۆڵینەوە، کراون".
راشیگەیاندووە دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی کوژرانی خۆپیشاندەرانەوە، ئەنجامەکەی رادەگەیەندرێت.
لە ماوەکانی رابردوودا کردەی تیرۆرکردن دژبە رۆژنامەوانان و چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان ئەنجامدراوە کە تا ئێستا ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و چالاکوان تیرۆرکراون.
لە شەشی تەمووزی ساڵی رابردوودا، شارەزای بواری ئەمنیی، ھیشام ھاشمی کە کەسێکی نزیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا و جگە لەوەیش تا ئێستا ژمارەیەک چالاکوانی خۆپیشاندانەکان لە عێراق کوژراون، دواینجار چالاکوانی مەدەنی ئیھاب جەواد وەزنی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەبارەی کەیسی کوشتنی رۆژنامەوانان و چالاکوانانەوە، بڕیاری لێکۆڵینەوەی داوە کە تا ئێستا ھیچ ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رای گشتیی ئاشکرانەکراوە و ئەوەیش ناڕەزایەتیی رای گشتیی عێراقی لێکەوتووەتەوە.