Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەمنی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ، لیژنە ئەمنییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا کارا دەکەنەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەنجوومەنی وەزيران بۆ ئاسایشی نیشتمانیی، بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، پێشکەوتنەکانی بارودۆخی ئاسایشی وڵات، ھەوڵەکانی ھێزە ئەمنییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراو، هەروەها ڕاوەدوونانی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر تاوتوێ کراوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دامەزراندنی سیستەمێکی زانیاریی تۆکمە و یەکگرتوو بۆ دادپەروەریی تاوانکاری کراوە، ئەوەیش بە پشتیوانی داتابەیسێک کە ئەرشیفی دادوەریی لەخۆدەگرێت بەگوێرەی ستاندەرە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان کە لە ڕێگایەوە بەدواداچوون بۆ جوڵەی ئەو کەسانە دەکرێت کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانێکی دیاریکراو و بە شێوەیەک لەگەڵ پێوەرکانی دادپەروەریی تاوانکاریدا بگونجێت، ئەوەیش بەمەبەستی پشتگیریکردن لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی دادوەریی دادپەروەرانە ، بۆ ئەوەی پشتگیری لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی دادوەریی دادپەروەرانە و خێرا بکات، بە شێوەیەک کە دڵنیا بێت لە کورتکردنەوەی پڕۆسەکان، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی تێچوون و کورتکردنەوەی کات بدات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێککەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی نێوان عێراق و ئێران تایبەت بە پاراستنی سنووری نێوان ھەردوو وڵات خراوەتە بەرباس، ئەوەیش دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاندێکی عێراقی بە سەرۆکایەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، قاسم ئەعرەجی سەردانی تارانی کرد کە لە سەردانەکەدا، تەواوی ھەماھەنگی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێکراوە و ھاتووە: "ھەردوولا دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەکە، بە تایبەتی پاراستنی سنوور و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چەکداری بە درێژایی سنووری نێوان ھەردوو وڵات".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، باس لەوەشکراوە کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر کاراکردنەوەی لیژنە ئەمنییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا و ھاتووە: "لە چوارچێوەی ھەماھەنگی ئەمنی لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ، محەمەد شیاع سوودانی، وەزیری دەرەوەی عێراقی ڕاسپاردووە کە پەیوەندی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەنجام بدات بۆ کاراکردنی لیژنە ئەمنییە دووقۆڵیییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاسایشی سنوور".
ئەمەیش لە کاتیکدایە، ڕۆژی چواری ئەم مانگە، وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە.
ڕۆژی پێنجی ئەم مانگە، سابت محەمەد عەباسی لە ئەنقەرە بە ڕێوڕەسمێکی سەربازیی، لەلایەن وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر پێشوازی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر و وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسیدا، تاوتوێی بابەتەکانی ھاریکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی پیشەسازی سەربازیی و بەرگریی دووقۆڵی و ھەرێمیی کرا.