Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2023
ھەولێر – AA
شرۆڤەکار لە کاروباری سیاسەتی ستراتیجی عێراق، کازم یاوەر ڕایگەیاند، تورکیا بە ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، ئۆپەراسیۆن لە ناو خاکی عێراق ئەنجام دەدات و ھاوکات شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی، جەبار مەشھەدانی ئاماژەی بەوەدا کە سابت محەمەد عەباسی لەسەردانەکەی بۆ ئەنقەرە، ھەوڵدەدات لەکۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەپرسانی تورکیا، بگەنە ڕێککەوتنێکی ھاوبەش لە بواری ئەمنییدا".
کازم یاوەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسی بۆ تورکیا، ڕایگەیاند سەردانەکەی سابت محەمەد عەباسی کە لە سەرچاوە فەرمییەکاندا ڕاگەیەندراوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە عێراق ھەوڵدەدات کە لە دۆسیەی ئەمنییدا، ھاوکاری تورکیا بکات.
شرۆڤەکار لە کاروباری سیاسەتی ستراتیجی عێراق، کازم یاوەر گوتیشی: "پێشوازیکردن بە ڕێوڕەسمی سەربازی لە وەزیری بەرگریی عێراق لە ئەنقەرە لەلایەن وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە تورکیا ئۆپەراسیۆن لەناو خاکی عێراق ئەنجام دەدات، بەڵام ئەو کارە بە ھەمانگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بەپێی ڕێککەتننامە و لێکتێگەیشتنە نوێیەکان لە بواری ئاسایشی نەتەوەیی نێوان ھەردوو وڵات دەبێت".
کازم یاوەر ئاشکراشی کرد کە بەپێی ھەندێک زانیاری دەزپێکراو، عێراق دەیەوێت فڕۆکەی بێفرۆکەوانی جۆری " بایراکتار" لە تورکیا بکڕێت و گوتی: "ئەگەری ھەیە سابت محەمەد عەباسی لە سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە ئەو پرسە لەگەڵ یاشار گولەر تاوتوێ بکات".
لای خۆیەوە شرۆڤەکاری سیاسیی عێراقی، جەبار مەشھەدانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسی بۆ ئەنقەرە کرد و ڕایگەیاند، سابت محەمەد عەباسی لەسەردانەکەی بۆ ئەنقەرە، ھەوڵدەدات لەگەڵ بەپرسانی تورکیا، بگەنە ڕێککەوتنێکی ھاوبەش لە بواری ئەمنییدا.
جەبار مەشھەدانی لە بارەی ھەوڵەکانی عێراق بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە ژماریەک کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوکراوەتەوە، عێراق ھەوڵدەدات، ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە تورکیا بکڕێت و گوتیشی: "عێراق دەیەوێت کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ تورکیا چارەسەر بکات، بە تایبەتیش پرسی ئاو و دۆسیەی ئەمنی".
دوێنێ چوارشەممە، وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسی بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە ھەر ئەمرۆ لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا لە لایەن وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر پێشوازی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری بەرگریی تورکیا، یاشار گولەر و وەزیری بەرگریی عێراق، سابت محەمەد عەباسیدا، تاوتوێی بابەتەکانی ھاریکاریی دووقۆڵی لە بوارەکانی پیشەسازی سەربازیی و بەرگریی دووقۆڵی و ھەرێمیی کرا.
لەئێستادا، تورکیا و عێراق ھەوڵدەدەن پەیوەندییەکانی نێوانیان بەھێزتر بکەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق و تورکیا سەردانی وڵاتی یەکتریان کردووە.
لە ٢٢ی ئابی ئەمساڵدا وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق ئاشکراشی کردبوو کە ئاستی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق، گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار.