Heman Hussein Yaseen
12 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2020
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی فەرمانی ھەرێمی بۆ دانانی بەڕێوەبەرانی گشتیی پۆلیس، پۆلیسی ھاتوچۆ و رەگەزنامە لە ھەرێمی کوردستان دەر کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، فەوزی ھەریری دوای واژووکردنی فەرمانی ھەرێمیی بۆ لیوای پۆلیس، تارق ئەحمەد ئیبراھیم لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی ھەرێمی کوردستان، لیوای پۆلیس، عەبدولقادر عەزیز ئیبراھیم لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان و لیوای پۆلیس، ھێرش ئەحمەد محەمەد لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی رەگەزنامە لە ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە گوتەیەکدا وێڕای ئاماژە دان بە ئەرک و خزمەت و ئەزموونی دیار و جێپەنجەی بەرچاوی پێشتریان لە بواری کارەکانیاندا، پیرۆزبایی لێ کردن و ھیوای سەرکەوتنی لە ئەرک و پۆستی تازەدا بۆ خواستن.