سياسەت, عێراق

پەیوەندیی تەلەفۆنیی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەڵمانیا

ــ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن: "جارێكی دیکە داوا دەكەم، عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەربهێندرێت".

12.07.2020 - نوێکردنەوە : 13.07.2020
پەیوەندیی تەلەفۆنیی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئەڵمانیا

Baghdad

بەغدا ــ AA

جارێكی دیكە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن داوای كرد كە عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەربهێندرێت.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیكۆ ماس ئەنجامداوە و لە میانیدا ژمارەیەك رۆژەڤی گرنگ تاوتوێكراون لەوانە چۆنیەتی پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پەرۆشی وڵاتەكەی بۆ پتەوتركردنی هاوكارییە دووقۆڵییەكان لەسەرجەم بوارەكاندا لەگەڵ بەرلیندا نیشانداوە و ئاماژەی بەوەیشداوە كە ئومێد دەكەن، پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی ئەورووپا پتەوتر بێت.

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتە روو كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، فوئاد حوسێن جارێكی دیكە داوای كردووە كە عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەربهێندرێت.

باس لەوەیشكراوە كە فوئاد حوسێن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا رایگەیاندووە كە كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا دەتوانن بۆ كاری وەبەرهێنان روو لە عێراق بكەن و گوتی:

"وەزارەتی دەرەوە لە پەیوەندیی دایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارییەكان بە ئامانجی چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی كە كۆمپانیای سیمنز لە عێراق رووبەڕووی بووەتەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە كە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیكۆ ماس لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا رایگەیاندووە قورسایی سیاسیی و ئابووریی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیی بە ئامانجی رێگرتن لە دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق دەخەنەگەڕ و ئاماژەی بەوەیش داوە كە سیاسەتی نوێی دەرەوەی عێراق پشت بە پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ دەبەستێت ئەویش لەسەر بنەمای باشی دراوسێیەتی، بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، چارەسەركردنی كێشەكان بە ئاشتی لەگەڵ دوور خستنەوەی عێراق و گەلەكەی لە گرژییەكانی نێودەوڵەتی و هەرێمیی.

هێیكۆ ماس ئاشكراشی كردووە، ئەڵمانیا كە هەفتەی داهاتوو سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا دەكات و هەوڵی زیاتر بە ئامانجی چارەسەركردنی پرسی دەرهێنانی عێراق لەنێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكان سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر، دەخاتەگەڕ و راشیگەیاندووە كە كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا خواستیان هەیە بۆ كاری وەبەرهێنان روو لە عێراق بكەن.

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەیش داوە كە لە كۆتاییدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، هێیكۆ ماس روونی كردووەتەوە كە سیاسەتی عێراق لە دامەزراندنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمیی بە ئاراستەیەكی راست و دروست دەڕوات و جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەڵمانیا لە سەرجەم بوارەكاندا پاڵپشتی لە عێراق دەكات.

لە ماوەكانی رابردوودا وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن هانی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپای دابوو كە ئەوە رەت بكەنەوە، عێراق بخرێتە نێو لیستی وڵاتە زۆر مەترسیدارەكانی سەبارەت بە سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر.

پێشتر كۆمەڵەی كاری دارایی (FATF) لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە دابوو كە رێوشوێنی توند و بەهێز تایبەت بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر (AML/CFT) لە عێراق گیراوەتەبەر.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın