Hawkar Yaseen
26 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ی ئەیلوول، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە باڵیۆزی نوێی فەڕەنسا لە عێراق، ئێریک شۆڤالیێ.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا "سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی فەڕەنسا کرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا، ئاماژەشی بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەڕەنسا و ھەرێمی کوردستان کرد و سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی فەڕەنسای کرد لە گەلی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا".
راشیانگەیاندووە "باڵیۆزی فەڕەنسا، وێڕای ئاماژەدان بەو گەشەپێدانە ئابووریی و ئاوەدانییەی لە ھەرێمی کوردستان ھەستی پێ کردووە، ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد، خواستی وڵاتەکەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێم دەربڕی".
هەربەپێی راگەیەندراوەکە "پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی و ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون".