Sarmand Hameed
10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا کە بەبۆنەی شەشەمین ساڵیادی کەوتنی شارەکە لەسەر دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەنجامیدا، سەردانی کڵێسای ماری ئەدی کرد لە قەزای حەمدانییە و چاوی کەوت بە سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشی کلدانی لە مووسڵ و ئاکرێ، مەتران مار میخائیل نەجیب.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا رایگەیاند، کرستیانەکان پێکهاتەیەکی رەسهنن لە عێراق و لە ناخەوە هەست بە نیگەرانی دەکەین لە کۆچکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات.
کازمی روونیکردەوە کە ئەوە سەلمێنراوە کە فرەیی لە عێراق و تا ئێستاش خاڵی بەهێز بووە بۆ وڵات نەک خاڵی لاواز و عێراق شانازیی بەم تایبەتمەندییە جوانەی لە فرەیی دەکات و جگە لە خۆشەویستی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتەکانی گەلەکەمان، هیچ رێگەیەکی دیکە لەبەردەمماندا نییە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، مووسڵ سەرکەوتووبوو لە یەکخستمان، و پرۆژەی نیشتمانی تاکە ئامانجمانە لە پێناو بەرەپێشچوون و ئاوەدانی وڵاتدا.