عێراق

کاریگەری خۆپیشاندانەکانی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان

مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ھەڵمەت غەریب: "خۆپیشاندەران گوێ لە مەرجەعیەت و دەسەڵات لە عێراق ناگرن و گەندەڵی هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانە"

Heman Hussein Yaseen  | 08.11.2019 - نوێکردنەوە : 10.11.2019
کاریگەری خۆپیشاندانەکانی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان

Arbil

ھەولێر - AA

مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەددین، دکتۆر ھەڵمەت غەریب ئاماژە بەوە دەکات کە لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا چەند جارێک دەرفەت دراوە بە حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا بکات، بەڵام حکوومەتی عێراق ھیچ کارێکی کردەیی ئەنجام نەداوە و سەرئەنجام خۆپیشاندانی گەورەی لێکەوتووەتەوە و پێشبینی دەکەن ئەم خۆپیشاندانە دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لێ بکەوێتەوە و، ئەوەش دەخاتەڕوو کە پێویستە کورد لەم قۆناغەدا چاودێری بارودۆخەکە بکات.

لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، عێراق رووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرفراوان بووەتەوە و تائێستا بەردەوامی ھەیە، داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران جگە لە باشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، دابینکردنی ھەلی کار، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لەکارخستنی حکوومەتەکەی عەبدولمەھدییە. بە ھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ کەس کوژراون و نزیکەی سێ ھەزاری دیکەش برینداربوون.


- "گەندەڵی لە عێراق ھۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانە"

دکتۆر ھەڵمەت غەریب بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی عێراق بریتییە لە توڕەبوونی خەڵک لە چینێکی گەندەڵ لە عێراقدا، ئەم چینە توانای ئیدارەدانی دەوڵەتی نییە، سەرەڕای ئەوەی چەندین دەرفەتیش دراوە بەو چینە گەندەڵەی عێراق بەڕێوەدەبەن بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٠دا دوای ئەوەی خۆپیشاندانەکان دەستیپێکرد و دەرفەتێک بە دەسەڵاتداران درا و خۆپیشاندانەکان دامرکایەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ش بە ھەمانشێوە خۆپیشاندانەکان دامرکایەوە، بۆ ئەوەی ئەو چینە شیعەیە بەخۆیاندا بچنەوە و بابەتی دەوڵەتمەداری بکەن بە گرنگیپێدانی خۆیان و بنچینەی ژێرخانی ئابووری و سیاسیی و ئیداریی عێراق ھەڵبستێتەوە".

ھەڵمەت غەریب پێی وایە ئەوانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقییان بەدەستە ناتوانن شتێک پێشکەش بە عێراق بکەن کە ببێتە مایەی دامرکاندنەوەی شەقام و لەمبارەیەوە گوتی: "بەداخەوە ئەو چینەی ئێستا جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستە و کاتی خۆی لە رێگای ھێزی ئەمریکاوە گەڕاونەتەوە عێراق ھیچ شتێکیان پێ نییە کە پێشکەیش بە عێراقی بکەن، بۆیە ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە لە خۆپیشاندانەکانی پێشووتر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە خۆپیشاندەران ھیچ سەرکردەیەکیان نییە و گوێ بۆ ھیچ کەسێک راناگرن، تەنھا داواکارییەکانی خۆیان نەبێت".
ھەڵمەت غەریب گوتیشی: "ئەم نەوەیەی کە ھاتووەتە سەرشەقام ئیعتیبار بۆ ھیچ شتێک دانانێت، نە بۆ مەرجەعییەت نە بۆ سەرۆکایەتی دەوڵەت، بەڵکو ئامانجی ئەوەیە کە ئەم چینە گەندەڵە لە دەسەڵات لابدات، ئەمەش خاسیەتی جیاکەرەوەیە لە نێوان خۆپیشاندانەکانی ئێستا و رابردوودا".


- "دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر"

لەگەڵ پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان و بەکارھێنانی توندوتیژی ئاراستەی خۆپیشاندانەکانی عێراق بەرەو خواستی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی رۆیشت، بەڵام سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە حکوومەت وەڵامی داواکاری خۆپیشاندەران ناداتەوە و دەستلەکارناکێشێتەوە بەبێ بوونی جێگرەوەیەکی روون و خێرا، لەھەمانکاتدا ئامادەیی دەستلەکارکێشانەوەی بەپەلەی راگەیاند ئەگەر لایەنە سیاسییەکان لەسەر جێگرەوەیەک بگەنە رێکەوتن. دکتۆر ھەڵمەت غەریب لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئەگەر بێت و توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران نەکرێت، پێموایە بەشێکی گەورە لە داخوازییەکانی خۆپێشاندەرانی عێراقی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێشموایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی دەستلەکاردەکێشێتەوە و تەسلیمی ئیرادەی شەقام دەبێت".

دکتۆر ھەڵمەت غەریب گوتیشی: "بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی، سفرکردنەوەی ھاوکێشەی سیاسییە لە عێراق گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر، ئەمەش پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق زۆر قوڕس دەکات و رەنگە زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت تاوەکو پڕۆسەی سیاسیی دەستپێدەکەنەوە، پێشموانییە کە لە رێگای پڕۆسەی دیموکراسییەوە داواکارییەکانی خەڵک جێبەجێ بکرێت".


- "کورد ناچێتە شەڕی دەسەڵاتەکان"

رۆڵی کوردکان بۆ چارەسەری سیاسی و ئیداری لە عێراق، ئێستا بە گرنگترین باس و خواسەکانی ھەرێم دادەندرێت.

رۆژی ٥ی تشرینی دووھەم سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرکۆماری عێراق دکتۆر بەرھەم ساڵح کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی بۆ ھەموو پارتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان رێکخست.

لە کۆبوونەوەکەدا کە پێکھاتەکانی مەسیحی و تورکمان ئامادە بوون، ھاوکات لەگەڵ ئەوەی جەخت لەسەر داواکاریی رەوای خۆپیشاندانەکان کرایەوە، راگەیاندرا کە ھەرێمی کوردستان پشتیوانی لە چاکسازییەکانی سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەھدی دەکات و ئامادەیە یارمەتیدەری پڕۆسەکەش بێت.

سەبارەت بەو پرسە دکتۆر ھەڵمەت غەریب گوتی: "کورد دەبێت لە حاڵەتی چاودێریدا بێت چونکە ناکرێت بچینە ناو پڕۆسەیەک کە شەڕی شیعە و شیعەیە".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین ھاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوە بەو مانایە نییە کە کورد لە بەرامبەر خۆپیشاندانەکان بێ ھەڵوێست بێ و دەڵێت: "کورد نابێت خۆی لە بەغدا بە دوور بگرێت".

- "ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق"

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە پرسی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق کە ماوەیەکە لەچوارچێوەی داواکاری خۆپیشاندەران، لیژنەی تایبەتی بۆ دروستکراوە و کوردیش شەش ئەندامی لە کۆی ١٨ ئەندامی لیژنەی پێداچوونەوەەی دەستووری عێراق کە بە واژووی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێکھێندراوە، هەیە، دکتۆر ھەڵمەت غەریب دەڵێت: "تێگەیشتنێک ھەیە لە عێراق دەڵێن ھۆکاری ئەوەی کە عێراق لەو بازنە فاشیلە دەخوڵێتەوە ئەو دەستوورەیە کە ھەیەتی، لە راستیدا ئەم دەستوورە کێشەی گەورەی بۆ بونیادنانی عێراق دروستکردووە، بۆیە بەشێکی زۆری داواکارییەکان سیاسیین و لە رێگای جەماوەرییەوە دەکرێن، ئەمەش یەکێکە لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران کە پەرلەمانی عێراق دەیەوێت تەحقیقی بکات، بەڵام پرسیاری جیدی ئەوەیە کە ئایا توانای دەستکاریکردنی دەستوور ھەیە یان نا، من پێموایە کە ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی پڕۆسەیەکی قوڕسە، ئەگەر بڵێم لە نوسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ عێراق قوڕسترە، کەمتر نیە، بۆیە دەبینین گفتوگۆیەکی گەرم ھەیە کە چۆن کۆدەنگیەک لەسەر رەشنووسی دەستوور ئامادە بکرێت".

ھەڵمەت غەریب گوتیشی: "لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە ئەم ھەموارکردنە زەمانەتێکی پاک و بێگەرد بۆ ھەڵبژاردنەکان بەدیبھێنێت، ئەوەی گرنگە لەو داواکارییانەی خۆپیشاندەران و بڕیارەکانی حکوومەتیش دەبێت کورد ھەڵوەستەیەکی جیددی بکات و، دەبێت کوردیش بە پاکێجێک لە مافەکانی بەشداری ھەموارکردنەوەی دەستوور بکات و داواکارییەکانی خۆی لەناو ئەم پاکێجە جێبکاتەوە".

ئەو مامۆستایەی زانکۆی سەڵاحەدین ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق بە پێویست دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێت: "بە زەرورەتی دەزانم دەستووری عێراق ھەمواربکرێتەوە بەڵام بەوپەڕی ھۆشیارییەوە، چونکە دەستکاری دەستوور ئەگەر لەسەر بنەمای پڕۆژەی ھاوبەش و چارەنووسساز نەبێت ئەوا عێراق دەباتە سەر کەناری دابەشبوون".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن