Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
لەو کۆنگرەیەدا کە لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، یوسف محەمەد سادق رایگەیاند، "لای ھەمووان ئاشکرایە ئێستا کوردستان لە دۆخێکی سەختدایە و ھاووڵاتییان ژیانێکی خراپیان ھەیە، ئامانجی ئێمە لە یەکەم رۆژی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەوە بووە چۆن دەسەڵات لە خەڵکەوە بۆ خەڵک بێت".
یوسف محەمەد سادق گوتی: "ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان دابەش بوو بەسەر دوو قۆناغدا، قۆناغی یەکەم ئاسایی و قۆناغی دووەم قۆناغێکی نائاسایی بوو".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، یوسف محەمەد سادق ئەوەشی گوت "لە دووساڵی یەکەمی خولی چوارەم ھەوڵیانداوە پەرلەمان بگەڕێننەوە رێچکەی یاسایی خۆی کە بەرگری کردنە لە خەڵک، لەو ماوەیەشدا کۆمەڵێک یاسای گرنگ دەرکران".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەش کرد، کاراکردنەوەی پەرلەمان بەو شێوەیەی کە کرا پەرلەمان بە کاربرا بۆ تێپەڕاندنی ریفراندۆم، دوای کارەساتەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و قەیرانەکانی ئەم دواییەی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت ھیچ بژاردەیەکی لەبەردەم نەماوە جگە لە راگەیاندنی شکست.
یوسف محەمەد سادق گوتیشی: "دوای ئەو ھەموو قەیران و داڕمانانە، مەترسی گەورەتر لە بەردەم ھەرێمی کوردستاندایە و بەرپرسیاریەتی ھەموو ھێزەکانە بە دروستکردنی بەرەیەکی رزگاری نیشتمانی بۆ رزگارکردنی ھەرێم لەو دۆخە".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ھەروەھا رایگەیاند، خوازیاری ئەوە بووە کە بگەڕێتەوە پەرلەمان و لەگەڵ پەرلەمانتاران دەست بە کارەکانی بکاتەوە، بەڵام شێوازی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا دڵخوازی ئەو نەبووە، بۆیە لە ئێستادا و دوای ئەو ماوەیە و لەبەر ئەو ھۆکارانە وازھێنانی خۆی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رادەگەیەنێت.
دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، دوای ئەوە دێت کە ھەفتەی رابردوو حزبەکەی کشانەوەی وەزیرەکانی لە کابینەی حکوومەت و رادەستکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند.
رۆژی ١٢ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ و دوای قووڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بە ھۆی پرسی ھەموارکردنەوەی یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێمەوە، رێگری کرا لە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ شاری ھەولێر، لەو کاتەوە یوسف محەمەد کارەکانی خۆی لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان رایی دەکات.