Sarmand Hameed
10 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە کۆشکی بەغداد پێشوازیی لە سەرۆکی دیوانی وەقفی سونی، سەعد کەمبش کرد.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختیکردووەتەوە لە گرنگی بەهێزکردنی بەهاکانی لێبووردەیی و پێکەوەیی لە نێوان گشت رۆڵەکانی گەلی عێراق و بەگژداچوونەوەی توندڕەوی بەھەموو شێوەکانی، بەئامانجی ئەوەی نەوەیەکی ھۆشیار بێتەکایەوە کە بتوانێ بەرپرسیارێتی قوناغەکە ھەڵبگرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ھەر لە دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح، ئاماژەی کردووە بە رۆڵی پیاوانی ئایینی لەگرنگیدان بە پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان ھەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەدا، ھاوکات بەبایەخەوە باسی لە بەشداریکردنی کەسایەتییە ئایینییەکانی کرد لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لە قۆناغی ئێستادا بەتایبەتی کە وڵات رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بووەتەوە.
لای خۆیەوە، سەرۆکی وەقفی سونی هەوڵەکانی سەرکۆماری عێراقی بەرزنرخاندووە، لە بەهێزکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی لە نێوان پێکھاتەکانی گەلی عێراقدا، کە دەبێتە ھۆی ھێنانەکایەوەی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە وڵاتدا.