ھەولێر ــ AA
دوای تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھێشتا لایەنە سیاسییەکان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرکۆمار و پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، نەگەیشتوون بە رێککەوتن.
لە ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردوودا، ھیچ لایەنێک زۆرینەی پێویستی بەدەست نەھێناوە بۆ ئەوەی بتوانێت حکوومەتی نوێ پێکبھێنێت لەبەر ئەوە پێویستە براوەی ھەڵبژارنەکان، ھاوپەیمانیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێکبھێنن، بۆ ئەوەی ببن بە زۆرینە و بتوانن حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنن.
سیستەمی حکومڕانی لە عێراق پەرلەمانییە، بەو پێیەی دەسەڵاتی یاسادانان بەرپرسە لە ھەڵبژاردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڵام سەرەتا ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە و دوو جێگرەکەی ھەڵدەبژێرێت و دواتر سەرکۆمار.
دواتر سەرکۆماری ھەڵبژێردراو، گەورەترین فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی نوێنەران رادەسپێرێت بۆ ئەوەی حکوومەتی نوێ پێکبھێنێت کە پێویستە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە (٣٢٩ ئەندام) متمانەی پێ ببخەشرێت.
تا ئێستا تەنھا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ھەردوو جێگرەکەی ھەڵبژێردراون ئەوەیش دوای ئەوەی لە دانیشتنی نۆی کانوونی دووەمی رابردوودا، محەمەد حەلبوسی بەسەرۆکی ئەنجوومەنەکە ھەڵبژێردرا و لە دوای ئەوە بەھۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ھیچ ھەنگاوێک بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ نەنراوە.
ــ چی روویدا؟
لە دەستووری عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە دەنگی پێ بدرێت.
ئەنجوومەنی نوێنەران رۆژی حەوتی شوباتی ٢٠٢٢ی وەک وادەی دەنگدان لەسەر ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ دیاریی کرد، بەڵام دانیشتنەکە بەھۆی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان لەبارەی کاندیدانی پۆستی سەرکۆمار بایکۆتکردنی ژمارەیەک کوتلەی سیاسیی و نەگەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا.
رۆژی دواتر، ماوەی دەستووریی بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ کۆتایی ھات و دواتر سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار راگەیاند.
بەڵام رۆژی یەکی ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بۆ جاری دووەم لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە رەت کردەوە، ھەروەھا دادگا بڕیاری ئەوەی دا کە دەتواندرێت دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار بکرێتەوە، بەڵام بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران نەک سەرۆکایەتیی ئەنجوومەن.
دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی، رۆژی سێی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرکۆمار پەسەند کرد کە ئەوەیش رکابەرییەکان لەسەر بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆماری گەیاندووە خاڵی سفر.
یاساناسی عێراقی، عەلی تەمیمی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پەسەندکردنی بڕیاری دووبارە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆمار، دەرەفەتێکی دیکە بۆ ئەو کەسانە دەرخسێنێت کە دەیانەوێت وەک کاندید بۆ پۆستی سەرکۆمار لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران خۆیان تۆمار بکەن".
ــ رکابەرییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پۆستی سەرکۆماری عێراق
بەپێی ئەو نەریتە سیاسییەی کە لە ساڵی ٢٠٠٦وە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆکوەزیرانی بۆ لایەنی شیعە، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە و سەرکۆماریش پشکی کوردە.
لەئێستادا، رکابەرییەکان لەسەر بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆمار، لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەن، ٣١ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەن ١٧ کورسییە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، دایە.
بەدرێژایی خولەکانی پێشوو، پۆستی سەرکۆماری عێراق لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لەبەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستان پۆستە سیادییەکانی نێو حکوومەتی فیدراڵیی وەرگرتووە، ئەوە جگە لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم.
بەڵام ئەمجارە پارتی دیموکراتی کوردستان، بە کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح رازی نییە بۆ دووبارە بە بوونەوەی بە سەرکۆماری عێراق.
ھاوکات لەگەڵ پێداگیری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاندیدکردنی بەرھەم ساڵح بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، لای خۆیەوە پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کرد، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کاندیدبوونی ھۆشیاری زێباری بۆ پۆستی سەرکۆمار بەھۆی بوونی دۆسیەیەکی ناوبراو لە دادگا، رەت کردەوە.
دوای ئەوەی دووبارە دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق، کرایەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد-ی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کرد.
ــ سیناریۆکان
سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسیی، ئێحسان شممەری رایگەیاند کە دوو سیناریۆ لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەراندا ھەیە، لەبارەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.
ئێسحان شممەری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لە سیناریۆکان کرد گوتی: "سیناریۆی یەکەم خۆی لەوە دەبێنیتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار پێشکەش بکات و دواتر ببێت بە رکابەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەران".
گوتیشی: "سیناریۆکەی دیکە ئەوەیە، کوتلە سیاسییەکان لەسەر دەستنیشان کردنی کاندیدێکی دیاریکراو رێکبکەون، بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدرێت و بەسەرکۆماری نوێی عێراق ھەڵبژێردرێت".
ناوبراو بە دووری زانی سیناریۆی دووەم بەھۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش لایەنی کوردی جێبەجێ بکرێت.
ئەستەمە قەیرانی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ دوورە لە قەیرانی سیاسیی لە عێراق سەیری بکرێت، چونکە لە خولەکانی پێشوودا، لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنەکان رێکدەکەوتن و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکوەزیران و سەرکۆماریان ھەڵدەبژاردن بە تەوافوق بەشدارییان لە حکوومەتدا دەکرد.
بەڵام رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانە بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک لایەنی سیاسیی لەسەروویانەوە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر، نوری مالیکی ھەوڵی پێکھێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی دەدات، ئەوەیش بە پێچەوانەی لایەنە سیاسییەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت کە داوای پێکھێنانی حکوومەتێکی تەوافوقی دەکەن و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان وەک خولەکانی پێشوو تیایدا بەشداربن.
بەپێی ئەنجامی کۆتایی پەسەندکراوی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە، ھاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٧ کورسی، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، بەدەستھێناوە.
ــ شانسی رکابەرەکان
شیمانەی ئەوە دەکرێت کە شانسی کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرامبەر بە کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح بۆ بوونی سەرکۆماری عێراق زیاترە، بەو پێیەی پارتی لەگەڵ کوتلەی سەدر و ھاوپەیمانیی سەروەریی، ھاوپەیمانییەکی سێقۆڵیان پێکھێناوە.
لەبەرامبەردا کاندیدەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لایەنە شیعەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی نزیک لە ئێران نزیکە و ئەو لایەنانە رایانگەیاندووە کە دەنگ بە کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دەدەن.
سەرکردە لە ھاوپەیمانیی فەتح کە لایەنێکی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگییە و خاوەن ١٧ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، ئینتیسار حەسەن جەزائیری رایگەیاند کە لایەنە سیاسییەکان چاوەڕوانی رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق دەکەن بۆ ئەوەی درێژە بە ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بدرێت.
ئینتیسار حەسەن جەزائیری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لایەنە سیاسییەکان چی لە بەغدا یان لە ھەرێم، تا ئێستا لەبارەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرکۆمار نەگەیشتوون بە رێککەوتن".
ناوبراو راشیگەیاند "لەئێستادا، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئەوەی کاندیدی پێشووی، ھۆشیار زێباری لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵیی بۆ پۆستی سەرکۆمار رەت کرایەوە، ناچاربوو رێبەر ئەحمەد کاندید بکات کە لای ژمارەیەک لایەنی سیاسیی پەسەندکراو نییە".
لەبارەی ئەوەی ئەگەر قەیرانی سیاسیی ئاڵۆزتر بێت، پەنا دەبرێتە بەر دووبارە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ئەوا سەرکردە لە ھاوپەیمانیی فەتح، ئینتیسار حەسەن جەزائیری دووری خستەوە کە دووبارە ھەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێتەوە، بەو پێەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەرکە دەستوورییەکەی دەست پێ کردووە و گوتی: "راستە رەوشەکە ئاڵۆز بووە، بەڵام سەرجەم لایەنەکانی بەشداربوو لە پرۆسەی سیاسییدا، لەگەڵ ئەوەدا نیین دووبارە ھەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێتەوە".
news_share_descriptionsubscription_contact

