Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، عەلی باپیر تاوتوێی گۆرانكارییە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەكانی عێراق، كوردستان و ناوچەكەیان كرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە بەغدا پێشوازی لە عەلی باپیر كردووە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە دیدارەكەدا، سەبارەت بە گرنگترین گۆرانكارییە ئەمنی و ئابووری و سیاسییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە گفتوگۆكراوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە كە هەر لە دیدارەكەدا، جەختكراوەتەوە لە گرنگی گفتوگۆ و دیاڵوگی جددی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان و پێویستی چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكان و گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و ھێنانەدی خۆشگوزاری و ئارامی بۆ گشت ھاووڵاتییان.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، پێویستی چارەسەركردنی كێشە ھەڵپەسێردراوەكانی نێوان ھەردوو حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور و یاسا دووپاتكراوەتەوە بەتایبەتیش پرسی مووچەی مووچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵک و پاراستنی مافی ھاووڵاتییانی عێراق و ھەرێمی كوردستان بێ جیاوازی.