hemn husain
11 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2016
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر بەبۆنەی ٢٥ ساڵەی راپەڕینی کوردستان لە مەڵبەندی ٣ و ١١حزبەکەی دەڵێت: "ئەمڕۆ ٢٥ ساڵ بەسەر راپەڕین و هەڵساندنەوەی خەڵکی شاری هەولێر تێدەپەڕێت، بە پێویستی دەزانم لەم یادەدا لە سێ تەوەردا قسە بکەم".
لە تەوەری یەکەمدا ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی تیشکی خستەسەر هۆکار و دەرەنجامەکانی راپەڕین و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دیارە ئەو راپەڕینە جەماوەرییەی لە مانگی ئادار کرا و پێش ئەوەی هۆکارە ماددییەکان ببینین، دەبێت هۆکارە مەعنەوییەکان ببین و ئاماژە بە چەند ئایەتێک لە قوڕئانی پیرۆز دەکەم".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی گوتیشی: "لە قوڕئاندا خودا فەرموویەتی 'ئێمە دەمانەوێت چاکە بکەین لەگەڵ ئەوانەی کە لە زەویدا چەوسێنراونەتەوە و بیانکەین بە سەرکردەی ئەوانەی خۆیان و بیانکەین بە میراتگری ئەوانەی زوڵمیان لێ کردوون'. خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە راپەڕینی کرد تاوەکو ئەو زوڵم و ستەمە لەسەر سینگی کورد لابچێت و هەر لایەنێکی سیاسیی باسی راپەڕین بکات، دەیکاتە موڵکی خۆی بەڵام ئەمە بێ ئینسافییە بەرامبەر بە خەڵک چونکە هەموو خەڵکی کوردستان بەشدار بوون و هەر لایەنێکی سیاسیی بەقەد قەبارەی خۆی بەشدار بووە و بە هەوڵ و هیممەتی هەموو لایەک بووە".
لە تەوەری دووەمی قسەکانیدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی تیشکی خستەسەر قۆناغی دوای راپەڕین و گوتی: "دیارە دوای راپەڕین کۆمەڵیک هەنگاوی باش نراوە ئەویش بریتی بوو لە دانبەخۆداگرتن و لەبیرکردنی ناخۆشییەکانی رابردوو، پاشان هەڵبژاردن کرا و بڕیار درا لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بکرێتە هەرێمێک و پەرلەمان دروست کرا و کۆمەڵێک دامەزراوەی فەرمی کرایەوە کە ئەمانە هەموو هەنگاوێکی باش بوون".
عەلی باپیر ئاماژەی بە هەنگاوە خراپەکانی دوای راپەڕین کرد و گوتی: "دوای ئەوەش کۆمەڵێک هەنگاوی خراپ نرا، ئەویش شەڕی براکوژی و لەتکردنی هەرێم بۆ دوو ئیدارەیی و کۆمەڵێک ناخۆشی کە ئەمانە هەمووی بە هەنگاوێکی خراپی وەسف دەکەین".
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی هۆکاری هەنگاوە خراپەکانی بۆ سێ خاڵ گەڕاندەوە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەنگاوە خراپەکانی دوای راپەڕین بۆ سێ خاڵ دەگەڕێنمەوە ئەویش یەکەمیان ئەزموونی حوکمڕانی و دووەمیان ئەوە بوو کە ئێمە خوای پەروەردگارمان فەرامۆش کرد و ئەمەش وایکرد کە بەدەوری خۆماندا بخولێینەوە و سێیەمیان ئەوەبوو کە خەڵک فەرامۆش کرا. بەتایبەت ئەوانەی لە سەردەمی شۆڕش کە ماندوو ببوون".
لە تەوەری دووەمدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "واقعی ئێستای هەرێمی کوردستان بەڕاستی تاڵە و لە هەر روویەک بۆی بڕوانی، وەک قەیرانی دارایی و بێ پلانی و نەبوونی گوتارێکیی سیاسیی یەکگرتوو کە ئەمەش جێگای داخە".
عەلی باپیر لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو هەنگاوانە کرد بۆ رووبەڕوونەوەی ئەم دۆخە ناهەموارەی کە هەرێمی کوردستان تێی کەوتووە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بە بۆچوونی من ئێمە دەبێت ئەم هەنگاوانە بنێین، یەکەم نائومێد نەبین و متمانەمان بە خۆمان هەبێت، چونکە نائومێد بوون سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکە و هەنگاوی دووەمیش ئەوەیە کە ئێمە واقعی هەرێمی کوردستان وەک خۆی ببینن واتا کەموکوڕییەکان بەتەواوی ببینین و لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ئینسان دەسەڵاتی زیاتر بێت ئەوە کەموکوڕییەکانی زیاتر دەبێت و بەپێچەوانەشەوە ئەوەی دەسەڵاتی کەمتر بێت ئەوە کەموکوڕییەکانی کەمتر دەبێت و سێیەمیشیان ئەوەیە کە چاو بەخۆماندا بگێڕینەوە، هونەر لەوەدایە کە هەڵەی خۆت ببینی و چاکی بکەیەوە".
عەلی باپیر گوتیشی: "دەبێت نیەتی خۆمان بگۆڕین و هەنگاوێکی تر بهاوێژین و لە هەمانکاتدا دەبێت هەست بەو مەترسییانە بکەین کە رووبەڕوومان دەبێتەوە و دەبێت هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگا بێنین بزانین چۆن دەتوانین حکوومەت و پەرلەمان کارا بکەینەوە".
لە تەوەری سێیەمدا، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی تیشکی خستەسەر ئەنجامدان و هەڵوێستی کورد لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم و گوتی: "هەموو کەس لە کوردستان مافی خۆیەتی خاوەنی ئیرادەی خۆی بێت و ئێمەش مافی خۆمانە کە دەوڵەتی سەربەخۆمان هەبێت بەڵام دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت و دەبێت قسە لەسەر ئەوە بکەین کە دەوڵەتێکی چۆنمان دەوێت، جگە لەوش دەبێت ژێرخانی ئابووری و هێزێکی لەسەر قاچ وەستاو و پەیوەندییەکی سیاسیی بە هێزمان هەبێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی دا بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و گوتی: "هەتا رۆژێک پێش ئەوەی دەوڵەتی کوردی رادەگەیەنیت پێویستە لەگەڵ بەغدا پەیوەندیمان باش بیت، بەغدا دەڵێت کورد لە بەغدا خۆی بە میوان دەزانێت لە هەمانکاتدا پاساویشی ئەوەیە دەڵێت ئێوە بەغداتان پشتگوێ خستووە".
جێی ئاماژەیە لە ١١ـی ئاداری ساڵی ١٩٩١ خەڵکی هەرێمی کوردستان دژی دەسەڵاتی رژێمی بەعس راپەرێنێکی گەورەیان کرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتێکی کوردستانیی سەربەخۆی هەبێت و دەسەڵاتی رژێمی بەعسیش نەیتوانی جارێکی دیکە لە هەرێمی کوردستان خاوەن دەسەڵات بێت.