Dlshad Saifaalddin Ahmed
20 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، عەلی باپیر لە بارەگای ئەنجوومەنی سیاسی حزبەکەی لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و پەیامێکی لەسەر دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان و خۆپیشاندانەکان بڵاو کردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:ـ
بسم اللە الرحمن الرحیم
جەماوەری بەڕێز و دڵسۆزی کوردستان
بەپێویستی دەزانم لەم ھەل و مەرجە سەخت و قەیراناوییەدا کە ھەرێمی کوردستانی پێدا گوزەر دەکات، پەیامی دڵسۆزانەی خۆم بۆ ھەموولایەک لەم چەند خاڵەدا بخەمەڕوو:
١) بێگومان کێشە و گرفت قەیرانە لەسەر یەک کەڵەکەبووەکانی ھەرێم، بەتایبەتی قەیرانی ئابووریی و بێ مووچەیی و تەنگدەستی، ھەموو لایەکی بەگشتی سەغڵەت و توڕە و بێزار کردوە، بەتایبەت توێژی مامۆستایان کە یەکێکە لە دڵسۆزترین و ماندووترین توێژی کۆمەڵگاکەمان.
٢) بۆیەش ھەموو جۆرەکانی خەباتی مەدەنیی: خۆپێشاندان، ڕێپێوان، مانگرتن، مافی ڕەوای خەڵک و جەماوەرە بە ھەموو چین و توێژەکانەوە، بەڵام بە شێوازی شارستانییانەی ھێمنانە و بەجۆرێک کە حەق و ماف و داواکردنەکە، بەشێوەیەکی حەق بێ.
٣) لێرەشەوە داوا لەسەرجەم خۆپێشاندەران دەکەم کە ھۆشیار و بێداربن و ڕێ نەدەن مومارەسەکردنی ئەو مافە ڕەوایەیان لێ بەلاڕێدا ببرێ.
٤) بێگومان پەنابردنە بەر توندوتیژیی لە ھەر لایەکەوە بێ، تەنیا زیانباریی ھەموولایەکی بەدواوەیە. ھەروەھا پەلاماردان و سووتاندن و وێران کردنی بنکە و بارەگا حیزبیەکان و فەرمانگە حکوومییەکان، جگە لە وێرانکردنی وڵات و ژێرخانە ئابوورییەکەی، ھیچ تەفسیرێکی دیکە ھەڵناگرێ.
٥) پێویستیشە بەزووترین کات حکوومەت و دەسەڵات بەدەم داوا ڕەوایەکانی خۆپێشاندەرانەوە بێ و، ھەرچی لە دەستی دێ بیکات و چیدیکە خاوەخاو لە چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە کەڵەکە بووەکان دا نەکات. دەبێ دام و دەزگا ئەمنییەکانیش وەک پێویست بە ئەرکی سەرشانی خۆیان ھەڵسن، بۆ پارێزگاریی کردن لە خۆپێشاندەران و، موڵک و ماڵی حیزبی و حکوومیی، وە پێویستە ھەموو لایەکیش سەرەنجامی شوومی وڵاتانی وەک سوریا و لیبیا و یەمەنمان لەبەرچاوبێ.
٦) کۆمەڵی ئیسلامیش کە ھەردەم لەبەرەی خەڵک و جەماوەری ستەمدیدەدا بووەو، ئامادەی ھەر باجدانێک بووە لەسەر ھەڵوێستی داکۆکییکارانەی لە ماف و ئازادییەکانی خەڵک، ئێستا لە ھەموو کاتێک مکوڕتر و سوورترە لەسەر ئەو ھەڵوێستانەی، بەڵام بێگومان داواکردنی ھەق دەبێ بەشێوازی ھەق بێ و، ھەڵبەتە ئەگەر کاتی خۆی پێشنیاری گۆڕینی حکوومەت و پێکھێنانی حکوومەتی کاتییش وەرگیرابایە، دۆخەکە بەم حاڵە نەدەگەیشت.
٧) زۆریش نیگەرانین بەوەی کە ئەمجارەش خۆپیشاندانەکان شەھید و برینداری زۆریان لێ کەوتۆتەوە، چونکە ھیچ پاساوێک بۆ کوشتنی خەڵک و جەماوەر نیە و، ئێمە بە توندی ئیدانەی دەکەین.