Zana Natık Kerem
19 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2017
یەمەن ــ AA
رێكخراوی حووسیی رایگەیاند كە چەكدارەكانیان مووشەكێكی بالیستییان ئاراستەی شاری ریازی پایتەختی سعوودیە كردوو و هاوكات هاوپەیمانيیەتی عەرەبی رایگەیاند كە مووشەكەكەیان تێكشكاندووە.
كەناڵی مەسیرە، زمان حاڵی حووسییەكان بڵاوی كردەوە كە چەكدارانی حووسی مووشەكێكی بالیستییان لە جۆری (بۆركان ـ ٢) ئاراستەی كۆشكی یەمامە لە شاری ریاز كردووە كە دیوانی شاهانە و نووسینگەی شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعود لە خۆدەگرێت بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
لە بەرامبەردا كەناڵی ئەخبارییەی سعوودیە لە هاوپەیمانیيەتی عەرەبی گواستووەتەوە، ئەو مووشەكە كە حووسییەكان ئاراستەیان كردبوو لە باشووری شاری ریاز تێكشكێنراوە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لە بارەیەوە بخاتەڕوو.
لە میانی دوو مانگدا، ئەمە دووەمین جارە حووسییەكان مووشەكی بالیستی ئاراستەی سعوودیە بكەن.
لە ٤ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو هاوپەیمانيیەتی عەرەبی بە سەركردایەتی سعوودیە مووشەكێكی بالیستییان لەسەر ئاسمانی شاری ریاز تێكشكاندبوو كە حووسییەكان لە یەمەنەوە ئاراستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی خالیدیان كردبوو.