Zana Natık Kerem,Sarmand Hameed
04 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
لە میانی ساڵی ٢٠٢٢دا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە رێگای ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستیی لە سووریا، عێراق، تونس، جەزائیر و لیبیا بەھێزی گەڕاوەتەوە و ئەوەیش دوای ئەوەی ماوەی چەند ساڵێک، بوونی رێکخراوەکە لە ناوچەکە لاوازکرا.
ھەوڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ دووبارە گەڕانەوە و خۆڕێکخستنەوەی لە ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە، مشتومڕی زۆری لێکەوتووەتەوە، چونکە زۆرێک لە چاودێران ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە گومان لە ھەوڵەکانی رێکخراوەکە دەکرێت لە دووبارە گەڕانەوە و خۆڕێکستنەوەی لە ناوچەکە، بەڵام ژمارەیەک شارەزای دیکە لەگەڵ ئەوەدان، رێکخراوە تیرۆریستییەکە جارێکی دیکە ناتوانێت ئەو رووبەرە فراوانە لە خاکی سووریا و عێراق داگیر بکاتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤دا روویدابوو.
رۆژی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، زەنگی مەترسیدار لەبارەی ھەوڵەکانی داعش لە دووبارە گەڕانەوەی لێدرا، کاتێک تیرۆریستانی رێکخراوەکە ھێرشیان کردە سەر گرتووخانەی "سناعە" لە پارێزگای حەسەکە باکووری رۆژھەڵاتی سووریا و ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان بە دەرگای یەکێک لە گرتووخانە تەقاندەوە و بەھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش کە لە گرتووخانەکەدا بەندکرابوون ھەڵاتن.
ھاوکات لەگەڵ ھێرشەکەی سەر گرتووخانەکەی شاری حەسەکە، رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو ژمارەیەک تیرۆریستی داعش، ھێرشیان کردە سەر خاڵێکی ھێزەکانی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم باکووری پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە و لە ئاکامدا، ئەفسەرێک و ١٠ سەرباز کوژران.
دوای رووداوی ھەڵاتنی ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەکەی حەسەکە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق رێوشوێنەکانیان لە سنوور لەگەڵ سووریا توندتر کردووە و ئۆپەراسیۆنەکانیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق چڕتر کردەوە.
ئەوەی ئێستا بەدی دەکرێت لە میانی چەند مانگی رابردوودا، پەلامارەکانی پاشماوەکانی داعش بۆسەر ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و راوێژکارانی سەربە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ناوچەکانی باکوور، باشوور، رۆژھەڵات و رۆژئاوای عێراق زیادی کردووە.
ئەم پێشھاتەنەیش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، دەستی کردووەتەوە بە ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بەتایبەتیش تونس، لیبیا و جەزائیر.
٢٦ی مانگی رابردوو، ژمارەیەک تیرۆریستیی داعش ھێرشیان کردە سەر کاروانی ھێزە ئەمنییەکان لە نزیک چیای عەسیدە رۆژئاوای شارۆچکەی قەترون باشووری رۆژئاوای لیبیا و لە ئاکامدا، سێ کارمەندی ئەمنی کوژران.
دوای ٢٤ کاتژمێر لە ھێرشەکەی لیبیا، وەزارەتی بەرگریی جەزائیر رایگەیاند کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانی نێوان سوپای جەزائیر و ژمارەیەک تیرۆریستی داعش لە ویلایەتی عەین قەزام باشووری جەزائیر ھاوسنوور لەگەڵ نیجەر، دوو سەرباز کوژران و دوو تیرۆریستییش کوژران.
لە ٢٨ی مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی تونس، پووچەڵکردنەوەی کردەیەکی تیرۆریستی بۆسەر ناوچەیەکی گەشتیاریی لە باشووری ئەو وڵاتە راگەیاندبوو.
شرۆڤەکاری بواری ئەمنیی لە عێراق، سەفا ئەعسەم وای بۆ دەچێت کە لە ماوەکانی رابردوودا، ھێزی داعش لە عێراق، سووریا و لیبیا زیادی کردووە.
سەفا ئەعسەم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو پاڵپشتیی دارایی بۆ داعش زیادی کردووە کە ئەوەیش وای کردووە، رێکخراوەکە لە سووریا، عێراق و لیبیا دووبارە خۆی رێک بخاتەوە".
ناوبراو لەبارەی ھەڵاتنی ژمارەیەکی زۆر لە تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەیەکی حەسەکە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەو رووداوە کاریگەریی زیاتر لەسەر عێراق دەبێت و گوتی: "دەرچوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بووە ھۆی زیادبوونی کردە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەکە".
لای خۆیەوە شرۆڤەکاری ئەمنیی لە عێراق، سەعدون ساعدی بەدووری خستەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دووبارە وەک پێشوو لە عێراق و سووریا بگەڕێتەوە و رایگەیاند، ژمارەیەک وڵات (بێ ئەوەی ناویان بھێنێت) ھەندێک جار ھەوڵی شڵەژاندنی رەوشی ئەمنیی لە ناوچەکە دەدەن".
سەعدون ساعدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھێزی لەدەستداوە و شانەی نووستوو پێکدەھێنێت، پاشماوەکانی رێکخراوەکەیش لە چیا و بیابانەکان خۆیان حەشاردەدەن و ناوە ناوە کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".
ناوبراو باسی لەوەش کرد، رووداوە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق، ھەروەھا ھەڵاتنی ژمارەیەکی زۆری تیرۆریستی داعش لە گرتووخانەیەکی سووریا، ھەموو ئەمانە سیناریۆی نوێی رێکخراوەکەن لە ناوچەکە و گوتی: "سەردانەکەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی، مستەفا کازمی کە لە ھەفتەی رابردوودا بۆ ناوچە سنوورییەکانی باکووری رۆژئاوای عێراق ئەنجامی دا و زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکان بۆسەر پاشماوەکانی داعش لە عێراق، سەرجەمیان ئاماژەن بۆ بوونی پێشھاتەیەکی مەترسییدار کە بەم نزیکانە لە ناوچەکە روودەدات".
لە مەغریبەوە عەبدولحەکیم ئەبوللۆز، شارەزا لە بزووتنەوە جیهادییەکان و پرۆفیسۆری یاسای گشتیی لە زانکۆی ئیبن زوهر رایگەیاند، "ئەو گریمانەی کە دەوڵەتان و زلهێزەکان یان هێزە هەرێمییەکان لە پشت دووبارە زیندووکردنەوەی گرووپەکەوەن لە چالاکییەکانیدا، ئەگەرێکی کراوەیە".
عەبدولحەکیم ئەبوللۆز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم گریمانەیە هەرچەندە لۆجیکیانەیە، بەڵام لەم کاتەدا ناتواندرێت بسەلمێنرێت یان نکۆڵی لێبکرێت، بەتایبەتی کە ئەم جۆرە رۆڵانە دەسپێردرێن بە دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتان، بۆیە ناتوانرێت راستی ئەو بسەلمێندرێت یان نکۆڵی لێ بکرێت".
گوتیشی: "چەند لایەنێکی نێودەوڵەتیی هەن وای دەبینن کە دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی رێکخراوەکە لە بەرژەوەندیاندایە، ئەمەش ئەو بۆچوونە دووپات دەکاتەوە کە بڵێن لە پشت چالاکییەکانی ئەم دواییەی داعشدان، بەڵام نەبوونی ئاماژە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەمە، دەبێتە هۆی دووربوونی زۆر لەو گریمانانەیە".
عەبدولحەکیم ئەبوللۆز پێی وایە کە ئەوانەی لەپشت جوڵەکانی ئەم دواییەی گرووپەکەدان لە چەند وڵاتێکدا، سەرکردە ناوخۆییەکانی رێکخراوەکەن کە هەوڵ دەدەن رێکخراوەکە لەسەر بنەمایەکی رادیکاڵی جیاواز دووبارە زیندوو بکەنەوە.
روونیشی کردەوە "دوای ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە کرایە سەر داعش لە عێراق و سووریا، لەئێستادا چەند سەرکردەیەک هەن کە لە چەند وڵاتێکی دیاریی کراوەوە چالاکن و ئەوەش دژبە ئایدۆلۆجیای ئەو رێکخراوەیە کە لەسەر بنەمای سنووردارنەکردنی جیهادە لە سنوورێکی دیاریی کراودا".
عەبدولحەکیم ئەبوللۆز گوتیشی: "پێم وایە بەشێک لە سەرکردەکانی رێکخراوەکە بەرەو وڵاتانی خۆیان هەڵدێن، هەروەها ژمارەیەکیشیان کە لەناو نەهامەتییەکانی ئەو گرووپەوە دەرکەوتوون، بوونەتە هۆکاری هێرشەکان".
راشیگەیاند "رێکخراوەکە لەئێستادا لە سەرکردە چالاکەکانی لە چەند وڵاتێکی دیاریی کراودا پێکدێت دووبارە ئایدیۆلۆجیای جیهادیی لە ئاستی ناوخۆ بەرهەم دەهێنێتەوە".
ئەبوللۆز هێرشە هاوکاتەکانی داعش لە زیاتر لە وڵاتێک، بۆ بوونی دیموکراسییەتی نوێ دەگەڕێنێتەوە.
ھەر لەوبارەیەوە شارەزای بواری سەربازیی و ستراتیجیی لە لیبیا، عادل عەبدولکافی رایگەیاند کە داعش بە ئامانجی ئەوەی کە درێژە بەمانەوەی خۆی بدات، کردە تیرۆریستییەکانی لە سووریا، عێراق و لیبیا زیاد کردووە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە ٢١ی ئەم مانگە ھێرشی کردە سەر گرتووخانەی گووەیران باکووری رۆژھەڵاتی سووریا.
عادل عەبدولکافی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەش کرد کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ھەروەھا چەند رۆژێک لەمەوبەر ھێرشی کردە سەر خاڵێکی سوپای عێراق لە ناحیەی عوزێم و کردەیەکی تیرۆریستشی لە باشووری لیبیا ئەنجام دا و گوتی: "ھەموو ئەم پێشھاتانەیش ئەوە دووپات دەکەنەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھەوڵدەدات مانەوەی خۆی لە ناوچەکە رابگەیەنێت".