Haydar Karaalp
03 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2022
بەغدا- AA
لە قۆناغی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقدا، ئێران هەوڵی دا لایەنە شیعەکانی عێراق رێکبخات، بەڵام تا ئێستا هەوڵەکانی بێئەنجام بوون.
فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیسماعیل قائانی لە دوای هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمەوە زووزوو سەردانی بەغدادی دەکات و هەوڵی یەکخستنی لایەنە شیعەکانی دەدات، بەڵام هەوڵەکانی تا ئێستا هیچ ئەنجامێکیان بە دەستەوە نەداوە.
هەرچی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدرە کە بە دووری لە ئێران ناسراوە، بووە براوەی هەڵبژاردنەکان. لە بەرامبەریشدا هاوپەیمانیی فەتح کە یەکێکە لە گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران، دووچاری شکستێکی گەورەبوو و ژمارەی کورسییەکانی لە ٤٧ کورسییەوە بۆ ١٧ کورسی کەمی کرد.
پێکهاتەکانی نێو چواچێوەی هەماهەنگیی بەجیا دانوستانیان لەگەڵ سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجام دا دژبە موقتەدا سەدر کە پاڵپشتی لە پێکهێنانی حکوومەتی "زۆرینەی نیشتمانیی" دەکات، بەڵام لە دانوستانەکانیان سەرکەوتوو نەبوون.
لە کاتێکدا رێککەوتنی لایەنە شیعەکانی نزیک لە ئێران لەگەڵ رەوتی سەدر شکستی هێنا، ئێران بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان لایەنە شیعەکانی عێراق، هاتە سەر هێڵ و لەو چوارچێوەیەشدا هادی عامری، دانوستانکاری نێو چواچێوەی هەماهەنگیی، چەند جارێک لە نەجەف و بەغدا لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبووەوە.
هادی عامری باسی لەوە کرد کە هەوڵی داوە بۆ سازانی شیعە-شیعە و ئاشتکردنەوەی مالیکی-سەدر، بەڵام سەدر سوورە لەسەر مەرجەکەی کە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگیی وازی لە مالیکی هێنا، ئینجا دەتوانێت ببێتە هاوبەشی حکوومەت.
لە هەمان کاتدا ئەو هەڵمەتەی سەدر بەوە لێکدەدرێتەوە کە دەیەوێت درز بخاتە ئەو چەترەی بە رابەرایەتی هادی عامری و نوری مالیکی بەڕێوەدەبرێت، بەڵام ئەو گرووپەی لە ئێرانەوە نزیکە لە بری وازهێنان لە نوری مالیکی دەسەڵاتێکی شیعە دەخوازێت کە ئەویشی تێدا بێت.
هادی عامری لە لێدوانێکیدا رایگەیاند ''وەک چوارچێوەی هەماهەنگیی خاوەنی هەڵوێستی هاوبەشین و کراوەین بەڕووی سەرجەم گرووپە سیاسیەکانی دیکەدا بۆ گفتوگۆ''، ئەوەشی خستەڕوو کە لە دوایین دیداریدا لەگەڵ موقتەدا سەدر پەیامی ئەوەی پێ راگەیاندووە کە واز لە نوری مالیکی ناهێنن.
لە دوای ساڵی ٢٠١٣، ئەوە یەکەم جارە تاران هێندە رووبەڕووی ناکۆکی شیعە-شیعە بووبێتەوە و ئەو هەوڵانەیشی بۆ چارەسەرکردنی ئەوە دەیاندات ناتوانن سەرکەوتوو بن. ئێران لەوە دەترسێت ناکۆکی سیاسیی شیعە-شیعە شۆڕبێتەوە بۆ شەقام و بگۆڕێت بۆ پێکدادانی چەکداریی.
- دوای ئێران، مەسعود بارزانی دەستپێشخەری خستەڕوو بۆ یەکخستنی شیعەکان
کاتێک جەنەراڵی ئێرانی، ئیسماعیل قائانی شکستی هێنا لە هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی ماڵی شیعە، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرکردەی کورد، مەسعود بارزانی کۆبووەوە، بانگەشەی ئەوە کرا کە ئیسماعیل قائانی تکای لە مەسعود بارزانی کردووە هەوڵ بدات و شیعەکان ئاشت بکاتەوە و موقتەدا سەدر رازی بکات.
مەسعود بارزانی-یش راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە دەستپێشخەری سیاسیی دەست پێ کردووە و رایگەیاند ''دەستم بە دەستپێشخەری سیاسیی کرد لە پێناو چارەسەری کێشەکان و هێنانە ئارای کەشی سیاسەتێکی گونجاوتر لە وڵاتدا، هیوادارم ئەنجامەکانی ئەم دەستپێشخەرییە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بکات''.
لەو چوارچێوەیەشدا، مەسعود بارزانی؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وەک نێردە رەوانەی لای موقتەدا سەدر کرد لە حەنانە لە شاری نەجەف.
لەو سەردانەدا لە پاڵ نێچیرڤان بارزانی-دا، هەریەک لە سەرکردەکانی سوننە، محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر هەبوون، هەرچەندە دوای کۆبوونەوەکە میوانەکان بە رووخۆشییەوە سەدریان جێهێشت، بەڵام موقتەدا سەدر لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیامێکی بە دەستوخەتی خۆی کە بە قەڵەمی سوور نووسی بووی بڵاوکردەوە کە بووە هۆی تێکدانی مۆراڵی گرووپەکانی نزیک لە ئێران.
موقتەدا سەدر بە ئاماژەکردن بەو چەترەی شیعە کە نوری مالیکی-یشیان لەنێودایە پەیامی ''لە ئۆپۆزسیۆندا بمێننەوە''ی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند ''تیرۆری سەر گەل و هاوبەشەکان راگرن. هەڵوێستمان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نیشتمانیی بەردەوامە''.
لەو پەیامەیەوە دەردەکەوێت کە سەدربە نێردەی مەسعود بارزانی راگەیاندووە، سوورە لەسەر پەراوێزخستنی نوری مالیکی.
- بۆچی مەسعود بارزانی ئەم دەستپێشخەریەی کرد؟
مەسعود بارزانی لە رێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە ئامانجی ئەوەیە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ ھۆشیار زێباری کە وەکو بەربژێر دەستنیشانی کردووە و لە ھەمانکاتدا خاڵیشێتی، مسۆگەر بکات.
سەرکردە کوردەکە پێشبینی ئەوە دەکات لە ئەگەری کۆکبوونی شیعە-شیعەدا ئەوا بەئاسانتر دەتوانێت هۆشیار زێباری بگەێنێتە کۆشکی کۆماریی، چونکە گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران، مەیلیان بەلای کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرکۆماری ئێستا بەرھەم ساڵح-ەوەیە.
ھەولێر لە ھەمان کاتدا مەترسی ئەوەی ھەیە کە لە ئەگەری درووستبوونی ناکۆکی شیعە-شیعە، ئەوا ئەنجامی نەرێنی بەسەر ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت.
لە راستیدا دەبینین چۆن پێکھاتەی میلیشیا شیعەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، چەندین جار لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە ھێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر. بیر لەوە دەکرێتەوە کە ئەگەر موقتەدا سەدر، باڵە سیاسییەکانی ئەم گرووپانە بخاتە دەرەوەی یارییەکە، ئەوا ئەمانە ھەولێر کە لەگەڵ سەدر-دا کۆکە بە ئارامی ناھێڵێت.
مەسعود حەیدەر راوێژکاری سیاسیی، مەسعود بارزانی لە لێدوانێکیدا دەڵێت "بۆ ئەوەی ئەو دەستپێشخەرییەی کە بارزانی بۆ چاککردنەوەی ماڵی شیعە دەستی پێ کردووە شکست نەھێنێت، دەبێت لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگیی واز لە مەرجە قورسەکانیان بھێنێن".
سیاستەمەداری عێراقی شیعە، عیززەت شابەندەر دەربارەی دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی دەڵێت "ھەنگاوێکی دروستە و لەلایەن شەقامەوە کە بەدەست بنبەستبوونی سیاسییەوە دەناڵێنێت پاڵپشتی دەکرێت".
لەبەر رۆشنایی سەرجەم ئەمانەی کە روویانداوە، باس لەوە دەکرێت کە ئێران لە دوای کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس، قاسم سولەیمانی لە ھێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکادا، ناتوانێت یاریی سیاسیی لە عێراق بەڕێوەببات و کۆنترۆڵەکەی لەدەستداوە.