Sarmand Hameed
16 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2021
ھەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح پێشوازیی لە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، حەسەن تۆران کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە لە میانی دیدارەکەدا، باس لە گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی و خزمەتگوزاریی وڵات و پێویستی بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی و ھێنانەئاراوەی کەشێکی گونجاو و لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ١٠ی تشرینی یەکەم لەسەر بنەمای دادپەروەری و دوور لە ساختەکاری و فرتۆفێڵ لە تەواوی قۆناغەکانیدا کرا، بەجۆرێک مسۆگەری خواست و ئیرادەی عێراقییەکان بکات، تاوەکو ئازادانە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لای خۆیەوە حەسەن تۆران پشتیوانی بەرەی تورکمانی بۆ پەیماننامەی رەفتاری هەڵبژاردن دووپاتکردەوە کە سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەشی کردووە و جەختی لە گرنگی بەندەکانی پەیماننامەکە و پابەندبوونی هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە، بەمەبەستی مسۆگەرکردنی دادپەروەریی پرۆسەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای یاسا و دۆزینەوەی کەشێکی لەبار و ئارام بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان.